هەنگاوەکانی ئۆزەل وەک سەرۆکی پارتی نوێ لە ڕۆژی دامەزراندنی پارتەکەدا

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
، ئۆزگور ئۆزەل، بە کۆی دەنگی دەستەی دامەزرێنەران بە سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ هەڵبژێردرا
، ئۆزگور ئۆزەل، بە کۆی دەنگی دەستەی دامەزرێنەران بە سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ هەڵبژێردرا

ئۆزەل لە جەهەپە جیابووەوە کە مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا دایمەزراندبوو، بەڵام خۆی بە میراتگری ئەتاتورک دەزانێت. لەگەڵ ئۆزەلدا لەکۆی 135 پەرلەمانتار، 91 پەرلەمانتار جەهەپەیان جێهێشتووە و لانیکەم 20 پەرلەمانتاری دیکەش پارتەکە جێدەهێڵن. ئۆزەل ڕایگەیاند، تاوەکو هەڵبژاردن گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنن و لەدوای ئەوە دەسەڵات دەگرنە دەست.

24ـی تەمموز وەک ڕۆژی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندنی پارتی نوێ، هەڵبژێردرا کە ڕۆژی واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزانە و پەیماننامەکە وەک "تاپۆی" تورکیا تەماشا دەکرێت.

بەشداریکردن لە نوێژی هەینی

ئۆزگور ئۆزەل و دەستەی دامەزرێنەرانی پارتەکە ئەمڕۆ بۆ نوێژی هەینی چوونە مزگەوتی حاجی بایرامی وەلی، ئەو مزگەوتەی مستەفا کەمال ئەتاتورک، لە 23ـی نیسانی 1920دا بەر لە کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا لە هەمان مزگەوت نوێژی هەینی تیادا کرد و دواتر چووە پەرلەمان.

ئۆزگور ئۆزەل بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ هەڵبژێردرا

پاش نوێژی هەینی، لە کۆبوونەوەیەکدا لە یانەی ئانادۆڵو، ئۆزگور ئۆزەل، بە کۆی دەنگی دەستەی دامەزرێنەران بە سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ هەڵبژێردرا، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەیە و هەریەک لە عەلی ماهیر باشاریر، موراد ئەمیر و گۆکهان گونایدن بوونە بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆن.

یانەی ئانادۆڵو لە ساڵی 1926دا بە ڕێنمایی ئەتاتورک دامەزرا و عیسمەت ئینۆنو، یەکەم سەرۆکی یانەکە بوو.

هاوکات ئۆزەل وێنەیەکی خستووەتە سەر کەڤەری هەژماری ئێکسەکەى کە لایەکی وێنەیەکی مستەفا کەمالە و لایەکەی دیکەی خۆیەتی، شۆفێریی تراکتۆرێک و ڕێبەرایەتی چەندین تراکتۆری دیکە دەکات. لەژێر وێنەکەدا گوتەیەکی ئەتاتورک نووسراوە، کە دەڵێت "گوندنشین گەورەی گەلە".

گۆڕینی دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان

پارتی نوێ جگە لە هاوسەنگییە سیاسییەکان، بە شێوەیەکی بەرجەستەش دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا دەگۆڕێت.

پاشەکشەکردن بۆ پلەی پێنجەم

بە جیاوبوونەوەی 91 پەرلەمانتار لە جەهەپە، 44 پەرلەمانتار لە جەهەپەدا دەمێننەوە و پارتەکە لە ڕووی ژمارەی کورسییەکانەوە لە پەرلەماندا لە پلەی دووەمەوە بۆ پلەی پێنجەم پاشەکشە دەکات.

هاوکات بەشێک لەو 44 پەرلەمانتارەی لە جەهەپەدا ماونەتەوە، وەک نەیاری کەمال کڵچدارئۆغڵو، کە بە بڕیاری دادگا بۆ سەرۆکایەتی جەهەپە گەڕێنراوەتەوە، دەناسرێن. هەر لەبەر ئەوەشە یەکڕیزی لەناو جەهەپەدا نییە.

هۆکاری مانەوەی بەشێک لە پەرلەمانتاران لە ناو جەهەپە

بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئێستای ناو جەهەپە پشتگیری لە ئۆزەل دەکەن، بەڵام بۆ ئەوە لە پارتەکەدا ماونەتەوە، ئەگەر هات و دادگای باڵای پێداچوونەوە، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا بڕیاری لە بەرژەوەندیی ئۆزەل و هاوڕێیانی دا بەوەی پارتەکە وەربگرنەوە، ئەوان بتوانن کارەکان ڕابپەڕێنن.

لەنێو ئەو 44 پەرلەمانتارەدا دەوروبەری تەنیا 20یان پشتیوانیی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکەن.

پارتی نوێ ناتوانێت هاوکاری خەزێنەی دەوڵەت وەربگرێت

پارتی نوێ لەبەر ئەوەی هێشتا لە قۆناغی دامەزراندندایە و بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکی نەکردووە، ناتوانێت هاوکاری خەزێنەی دەوڵەت وەربگرێت. پارتەکە لە سەرچاوە داراییەکانی جەهەپە بێبەش بووە و چاوەڕوان دەکرێت هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کۆمەک ڕابگەیێنێت.

کۆمەک لە سایەی یاسای پارتە سیاسییەکان

بە ڕەچاوکردنی ئەو فشارەی دەسەڵات بە هۆکاری جیاجیا لێیان دەکات، چاوەڕواندەکرێت بەوپەڕی وردبینییەوە کار لەسەر ئەوە بکرێت هەڵمەتەکە بە شێوەیەکی زۆر شەفاف بەڕێوە بچێت. بەگوێرەى یاسای پارتە سیاسییەکان، لە ساڵی 2026دا هەر هاوڵاتییەکی تورکیا دەتوانێت بەلایەنی زۆرەوە 634 هەزار لیرەی تورکی وەک کۆمەک ببەخشێتە هەر پارتێکی سیاسی.

هاوکات بارەگای پێشووی پارتی ئایندە، بۆ ئەوەی ببێتە بارەگای سەرەکی پارتی نوێ بەکرێ گیراوە. پاش پێشکەشکردنی داواکاری دامەزراندنی پارتی نوێ، کارەکانی ڕێکخستنیش بە خێرایی دەستپێدەکەن.

چاوەڕوان دەکرێت لقەکانی جەهەپە لە پارێزگاکان ڕیزەکانی پارتەکە جێبهێڵن و پەیوەندیی بە پارتی نوێوە بکەن، بەگوێرەی یاسا، بۆ ئەوەی پارتی نوێ بتوانێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات، دەبێت لانیکەم لە 41 پارێزگا ڕێکخستنی دامەزراندبێت و بەر لە شەش مانگ پێش هەڵبژاردن، کۆنگرەی بەستبێت.

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا