لە سلێمانی دەرزییەک لە میزڵدانی منداڵێک دەرهێنرا

گران جاف 4 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی پشکنینی تیشکیی حاڵەتەکە، تێیدا بە ڕوونی دەرزییەکە لە میزڵدانی منداڵەکەدا دەرکەوتووە
وێنەی پشکنینی تیشکیی حاڵەتەکە، تێیدا بە ڕوونی دەرزییەکە لە میزڵدانی منداڵەکەدا دەرکەوتووە

پاش ئەوەی دایکوباوکی منداڵێکی 10 ساڵ زانییان دەرزییەک لە جەستەی منداڵەکەیاندایە، سەردانی نەخۆشخانەیان کرد و بە ناوبینی دەرزییەکە دەرهێنرا.

منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ لە یەکێک لە شارۆچکەکانی کوردستان، دەرزییەکی خستووەتە ناو بۆریی میزییەوە و گەیشتووەتە میزڵدانی.

دایکوباوکی منداڵەکە پاش ئەوەی زانییان ئەم حاڵەتە ڕووی داوە، دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانەی شارۆچکەکەیان کرد، لەوێ هەوڵدرا دەرزییەکە دەربهێنرێت بەڵام نەتوانرا و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کرا لە شاری سلێمانی.

پاش پشکنینەکان دەرکەوت دەرزییەکە لە میزڵدانی گیری خواردووە، هەربۆیە دەستبەجێ لە ژێر بێهۆشکاریی گشتیدا، تیمێکی پسپۆڕی گورچیلە و میزەڕۆ لە ڕێگەی ناوبینییەوە دەرزییەکەیان دەرهێنا.

تیمەکە پێکهاتبوون لە د. کاردۆ حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی گورچیلە و میزەڕۆ و هەریەکێک لە د. نیگا ئاراس و د. ڕێبین ئەحمەد پزیشکانی نیشتەجێی دێرین.

لە ئێستادا دۆخی منداڵەکە باش و جێگیرە و بە تەواوی چارەسەرە پێویستەکانی بۆ کراوە، بەڵام ئەگەر دەستبەجێ چارەسەر نەکرایە، دەکرا دەرزییەکە ببێتەهۆی دڕانی میزڵدانی منداڵەکە و هەوکردنی توندی جەستەی لێبکەوێتەوە، کە حاڵەتێکی مەترسیدارە.

گران جاف

4 کاتژمێر پێش ئێستا