پۆلیسی دارستانی هەڵەبجە: چوار کەس لە خورماڵ لەسەر بڕینەوەی درەخت و ڕاوکردن دەستگیرکران

کیژان مەحمود 4 کاتژمێر پێش ئێستا
بەشێک لەو دارانەی تۆمەتبارانی دەستگیرکراو بڕیویانەتەوە
بەشێک لەو دارانەی تۆمەتبارانی دەستگیرکراو بڕیویانەتەوە

هێزەکانی پۆلیسی دارستان لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا لە سنووری خورماڵ، ڕێگرییان لە تێکدانی ژینگە و ڕاوکردنی نایاسایی گرت و چەند تۆمەتبارێکیان ڕادەستی دادگا کرد.

ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردن لە شاخی مڵە خورد

پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ بنکەی پۆلیسی دارستانی خورماڵ ڕایانگەیاند، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 24-07-2026، توانیویانە 4 هاونیشتمانی دەستگیر بکەن. دەستگیرکردنی ئەم کەسانە لە شاخی مڵە خورد لە سنووری شارەدێی خورماڵ ئەنجامدراوە.

تۆمەتەکان و زیانگەیاندن بە ژینگە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو 4 کەسە بە تۆمەتی ڕاوکردنی ئاژەڵی کێوی و بڕینەوەی درەختە سروشتییەکانی ناوچەکە دەستگیرکراون. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆمەتبارەکان چەندین درەختیان بڕیووەتەوە و بەو کارە زیانی گەورەیان بە سروشتی ناوچەکە گەیاندووە.

دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەکان و ڕێکارە یاساییەکان

پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە بە فەرمانی فەرمی دادوەر بووە. لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەموو ئەو کەرەستە و پێداویستییانەدا گرتووە کە تۆمەتبارەکان بۆ بڕینەوەی درەخت و ڕاوکردنی ئاژەڵەکان بەکاریان هێناون. لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.

کیژان مەحمود

4 کاتژمێر پێش ئێستا