پڕۆژەی وەهمی و وادەی درۆینە؛ قەیرانی نیشتەجێبوون لە هەولێر گەیشتە دادگا

کەناڵ8 4 کاتژمێر پێش ئێستا

تەواونەکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر بووەتە قەیرانێکی درێژخایەن؛ دەیان پڕۆژە لە وادەی خۆیان دواکەوتوون و بەشێکیشیان تەنها بۆ وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتیان بە شێوەی وەهمی درووستکراون.

قەیرانی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان لە هەولێر

کێشەی تەواونەکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر، بەرۆکی بەشداربووان و هاووڵاتیانی گرتووە. دەیان پڕۆژە لە سنووری ئەم پارێزگایەدا هەن کە لە وادەی دیاریکراوی خۆیان دواکەوتوون. هۆکارەکانی ئەم دواکەوتنە بۆ قەیرانی دارایی و کەمتەرخەمیی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان دەگەڕێتەوە، کە زیانی دارایی گەورەی بە هاووڵاتیان گەیاندووە.

ئاماری سکاڵاکان لە دەستەی دەستپاکی

بەهۆی کێشەی پڕۆژەکانەوە، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 64 سکاڵا لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تۆمارکراون. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو ژمارەیە 28 سکاڵایان هەواڵدەریین و 36 سکاڵای دیکەیان بوونەتە داوای سزایی و ڕەوانەی دادگاکان کراون بۆ یەکلاکردنەوە.

پڕۆژە وەهمییەکان و زیانی هاووڵاتیان

بیلال سەعید، بەڕێوەبەری موڵک نیوز، باس لەوە دەکات کە لە هەولێر ژمارەیەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەن کە هاووڵاتیان تێیدا زەرەرمەند بوون. بەشێک لەم پڕۆژانە هەر لە بنەڕەتدا بوونیان نەبووە و تەنها بە شێوەیەکی وەهمی بانگەشەیان بۆ کراوە، ئەمەش بە مەبەستی فێڵکردن و وەرگرتنی پارە لە خەڵک ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی هیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون ڕادەستی بەشداربووان بکرێت.

مۆڵەتی پڕۆژەکان و قەبارەی سەرمایە

لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێر مۆڵەت بە 700 پڕۆژەی جیاواز دراوە. قەبارەی سەرمایەی ئەم پڕۆژانە نزیکەی 47 ملیار دۆلارە، کەچی تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان بە تەواونەکراوی ماونەتەوە. ئەم دۆخە نەک هەر زیانی بە خێزانەکان گەیاندووە، بەڵکو بووەتە هۆی فەوتانی مافە داراییەکانیان و نادڵنیایی لە کەرتی وەبەرهێناندا.

کەناڵ8

4 کاتژمێر پێش ئێستا