نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی: داوای بینینی عەلی زەیدی دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەیانەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە بۆ گواستنەوەی میلاکەکانیان و تەوتینکردنی مووچەکانیان، هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانیش دەکەن.
داواکاری بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیران
دەستەی فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک داوای بینینی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن. ئامانجی ئەم دیدارە گەیاندنی کێشە کەڵەکەبووەکانیانە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی یاسایی، کە سەرەکیترینیان گواستنەوەی ڕاژەی هەزاران مامۆستا و فەرمانبەرە بۆ سەر میلاکی حکومەتی فیدراڵی و تەوتینکردنی مووچەکانیان لەسەر بانکە فەرمییەکانی عێراق.
زیانە داراییەکان و پلە بەرزکردنەوە
ئەم توێژە ناڕازییە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا زیانی گەورەی داراییان بەرکەوتووە، بەجۆرێک 20 مووچەی تەواویان وەرنەگرتووە و 44 مووچەی دیکەشیان بە لێبڕینەوە پێدراوە. جگە لەوەش، بۆ ماوەی 10 ساڵە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی خوێندنی کوردی ڕاگیراوە، لە کاتێکدا هاوپیشەکانیان لە کەرکووک کە سەر بە بەغدان، لە هەموو ماف و شایستە داراییەکان سوودمەند بوون.
بایکۆتی هەڵبژاردن و پشتیوانیی هەڵمەتی دەسپاکی
مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، بەشداریینەکردن لە هەڵبژاردنەکان وەک کارتێکی فشار و سزا دژی لایەنەکان بەکاردەهێنن. هاوکات، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی لە دژی گەندەڵی دەربڕی و هیوایان خواست پڕۆسەکە بەردەوام بێت تاوەکو سەرجەم گەندەڵکاران لە دامەزراوەکاندا ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
ژمارەی مامۆستایان و هاوتاکردنی مافەکان
ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک نزیکەی 13,000 کەسە. داواکاریی بنەڕەتیی ئەم ژمارە زۆرەی فەرمانبەران بریتییە لەوەی مامەڵەی هاوشێوەیان لەگەڵ بکرێت و مافەکانیان لەگەڵ فەرمانبەرانی سەر بە حکومەتی فیدراڵی لە پارێزگاکەدا هاوتا بکرێت، تاوەکو کۆتایی بەو جیاکارییە دارایی و کارگێڕییە بهێنرێت کە ساڵانێکە پێوەی دەناڵێنن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا