دۆناڵد ترەمپ: سێ جار بردوومەتەوە و بۆ خولی چوارەمیش خۆم بەربژێر دەکەمەوە
سەرۆکی ئەمریکا لە ئێوارەخوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە شێوازی گاڵتەئامێز باسی لە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کرد و ڕایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2028ـیش هەر خۆی بەربژێر دەکاتەوە.
وتارەکەی ترەمپ و کڵاوی 2028
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی وتارێکدا لە ئێوارەخوانی ڕۆژنامەوانانی کۆشکی سپی، بە گاڵتەئامێزییەوە باسی لە داهاتووی سیاسیی خۆی کرد. ترەمپ لە کاتی قسەکانیدا کڵاوێکی سووری کردە سەری کە لەسەری نووسرابوو "Trump 2028"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەو ئێستا لە خولی سێیەمی سەرۆکایەتیدایە و چاوی لە خولی چوارەمە.
بەربەستە دەستوورییەکان و مێژووی ئەمریکا
ئەم قسە و گاڵتانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، هیچ سەرۆکێک ناتوانێت بۆ زیاتر لە 2 خول خۆی بەربژێر بکات. ئەم نەریتە لە سەردەمی جۆرج واشنتن، یەکەم سەرۆکی ئەمریکاوە چەسپاوە. لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تەنیا فرانکلین ڕۆزڤێڵت، 32ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ماوەی 4 خول سەرۆکایەتی کردووە، ئەویش بەهۆی بارودۆخی جەنگی دووەمی جیهانی و قەیرانی ئابوورییەوە بوو، پێش ئەوەی یاسای سنووردارکردنی خولەکان بخرێتە ناو دەستوورەوە.
"من زۆر باشم بۆ ئەوەی ببمەوە بە سەرۆک"
دۆناڵد ترەمپ لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: "خۆشحاڵم کە ڕایبگەیەنم بەنیازم خۆم بۆ خولی چوارەم لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکەم. من ئەوە دەکەم، چونکە لە ڕاستیدا تاوەکو ئێستا 3 جار بردوومەتەوە و ئێستاش جارێکی دیکە خۆم هەڵدەبژێرمەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کارە زۆر ئاسان دەبێت چونکە ئەو بە گوتەی خۆی "زۆر باشە" بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆک.
ڕەخنە لە سیستمی هەڵبژاردن
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ جارێکی دیکە گومانی خستەوە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و وتی: "لە خولی دووەممدا زۆر باش بووم، ئەوە هەڵبژاردنێکی ساختە بوو بەڵام پێویست ناکات باسی بکەین." سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سیستمی هەڵبژاردنەکان توند بکرێتەوە، چونکە بە بڕوای ئەو بارودۆخی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە ئێستادا "زۆر خراپە".
2 کاتژمێر پێش ئێستا