فایەق زێدان: دادگای تایبەتمان بە کەیسەکانی تووندوتیژی دامەزراندووە
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تایبەتمەندیان بە لێکۆڵینەوە و یەکلاییکردنەوەی کەیسەکانی تووندوتیژی دژی ژنان دامەزراندووە، دادوەرانیان ئاگادارکردووەتەوە، بە خێرایی ئەو کەیسانە یەکلایی بکەنەوە و ژنان لە تووندوتیژی بپارێزن.
دادگا کار دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ژنان لە بوارە جیاوازەکان
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە 18یەمین کۆنفڕانسی ڕۆژی ئیسلامی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، دادگا کار دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ژنان لە بوارە جیاوازەکان و پابەندن بە پاراستنی ژنان بەگوێرەى یاسا.
فەرمانکردن بە دادگاکان بۆ پاراستنی ژنان لە تووندوتیژی
گوتیشی، فەرمانیان بە دادگاکان کردووە، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژنان لە تووندوتیژی.
دەستەبەرکردنی مافی پاراستن بۆ تاوانلەسەرکراوەکان
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گوتی " ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێکاری کرداری بۆ بەهێزترکردنی پاراستنی یاسایی بۆ ژنان و دادگای تایبەت بۆ تووندوتیژی دامەزرێنراوە، فەرمان بە دادگاکان کراوە بە خێرایی هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن لە کەیسەکانی تووندوتیژی خێزانی یەکلایی بکەنەوە، تاوەکو نەهامەتی قوربانییان درێژەنەکێشێت و بەرەنگاربوونەوەی یاسایی فەراهەم بکات، هەروەها لەگەڵ داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی خێزان و مناڵ و پۆلیسی کۆمەڵایەتی، تاوەکو فەرمانەکانی دەستگیرکردن جێبەجێ بکرێن و لێکۆڵینەوەکان تەواوبکرێن و مافی پاراستن بدرێت بە تاوانلەسەرکراوەکان تاوەکو کێشەکان یەکلایی دەکرێنەوە، "
2 کاتژمێر پێش ئێستا