وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەحرەین و کوەیت بە نهێنی هێرشیان کردووەتە سەر ئێران
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا فڕۆکە جەنگییەکانی بەحرەین و کوەیت بە نهێنی ئامانجە سەربازییەکانیان لە ئێران بەئامانجگرتووە، ئەمەش بە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی دوو وڵاتی کەنداو دادەنرێت بۆسەر تاران.
هێرشەکان بۆسەر ناوچەکانی هەڵگرتنی درۆن و مووشەکەکان بووە
ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بەو سەرچاوانە، کە لە بەر دۆخی ئەمنی ناویان ئاشکرانەکراوە، باسی لەوە کردووە، هێرشەکانی بەحرەین و کوەیت بۆسەر ناوچەکانی هەڵگرتنی درۆن و مووشەکی ئێران ئەنجامدراون.
هێرشی نهێنییەکان دوای هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران بووە بۆسەر وڵاتەکانیان
بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەو هێرشە نهێنییانە دوای چەند هەفتەیەک لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران بووە بۆسەر وڵاتەکانیان، کە هەردوو وڵات چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان تیادایە.
ئیماراتیش ڕۆڵی هەواڵگری بینیووە
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بەرپرسانی کوەیت و بەحرەین گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە چیتر ناتوانن بێدەنگبن بەرامبەر بە هێرشەکانی تاران، باس لەوەش کراوە، ئیماراتیش لە ڕێگەی زانیاریی هەواڵگریی سەربازی و ڕووپۆشی بەرگریی ئاسمانییەوە، ڕۆڵی هەبووە لەو هێرشانەدا، ئەمەش نیشانەی زیادبوونی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە ئێرانە لەلایەن دەوڵەتانی عەرەبی و کەنداوەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا