ئەمریکا و بەریتانیا هاوپەیمانییەک بۆ پاراستنی گەرووی هوورمز پێکدەهێنن
هەفتەی داهاتوو ئەمریکا و بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرز لە لەندەن ئەنجام دەدەن بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی جموجوڵی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز.
بە ئامانجی سەلامەتی کەشتیوانی و ڕێگریکردن لە هێرشی ئێران
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان و سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، ئەمریکا دەیەوێت هاوپەیمانەکانی، کەرەستە پێویستەکان بۆ ناوچەکە بنێرن، لەوانەش؛ کەشتییە مینهەڵگرەوەکان، کەشتییە جەنگییەکان و درۆن، بۆ دابینکردنی سەلامەتی کەشتیوانی و ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران.
دەربازبوون لە تەنگەژەی گەرووی هورمز
یەکێک لە دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە، ئەمریکییەکان بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ دەربازبوون لە تەنگژەی گەرووی هوورمز و داوای هاوکارییان لە ئەورووپییەکان کردووە.
چەند وڵاتێک مەرجی کۆتایهێنان بە ئاڵۆزییەکانیان هەیە
ئەمریکا هەوڵدەدات لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانەی پێشتر لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا و ئەندامانی ناتۆ ئەنجامیانداوە، هاودەنگی ئەو وڵاتانە بەدەست بهێنێت و هاوپەیمانەکانی کەرەستەی دەریایی بۆ ناوچەکە بنێرن، بەڵام بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، چەند وڵاتێک مەرجی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هوورمزیان هەیە بۆ بەشداریکردن لەو ئەرکە نێودەوڵەتییەکەدا.
کەمبوونەوەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر ناوچەکانی گەرووی هورمز
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە گەرووی هوورمز کەمی کردووە، بەشێک لە سەرچاوەکانی ئەکسیۆس دەڵێن، هەرچەندە هێشتا ئێران توانای هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی هەیە، بەڵام لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا هیچ هێرشێکیان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان ئەنجام نەداوە.
هۆکاری کەمبوونەوەی هێرشەکانی ئێران
چەند بەرپرسێک لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا هۆکاری کەمبوونەوەی هێرشەکانی ئێرانیان گەڕاندووەتەوە بۆ کەمبوونەوەی توانای سەربازییەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هوورمز، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، بەڵام بەپرسانی دیکە بۆچوونیان وایە کە ئێران هێشتا توانای هێرشکردنی ماوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بۆردوومانی پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کردووە، لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشی سەر کەشتییەکان، هاوکات تاران بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیداوەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا