کەریم خان لە سەرۆکی داواکاری گشتیی دادگای لاهای دوورخرایەوە
بە تۆمەتی هەڵسوکەوتی ناشایستەی سێکسی، و بە دەنگی 82 ئەندامی دادگاکە، کەریم خان لە پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتیی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان 'لاهای' دوورخرایەوە.
ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان و تۆمارکردنی سکاڵای تێهەڵچوونەوە
دوورخستنەوەکە دوای ئەوە هات کارمەندێکی ژن تۆمەتباری کرد بە دەستدرێژی سێکسی، بەڵام ئەو تۆمەتانە لە لایەن کەریم خانەوە بە توندی ڕەتکرانەوە و پارێزەرەکەی سکاڵای تێهەڵچوونەوەی لە بڕیارەکەدا تۆمارکرد.
"بڕیارەکە بە فشاری هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێ کراوە"
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاند، گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و تیمی دیپلۆماسیی ئیسرائیل لە ماوەی پێشوودا هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ لەکارلابردنی کەریم خان، ئەوەشیان خستەڕوو کە بڕیارەکە بە فشاری هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێ کراوە.
دوو ساڵ لەمەوبەر دادگاکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەتانیاهوو دەرکردبوو
ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی 21ـی تشرینی دووەمی 2024، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل دەرکرد و تۆمەتباری کردن بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەکو کوشتن و چەوساندنەوە، بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل لە کەرتی غەززە و برسیکردنیان، هاوکات بە تۆمەتی بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییانی ئیسرائیل، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرکردەکانی حەماس دەکرد، کە ئێستا زۆربەیان لە ژیاندا نەماون.
پێشتریش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڤلادیمیر پوتن
پێشتریش لە 17ـی ئازاری 2023دا دادگاکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەرکردبوو و تۆمەتباریان کرد بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، بەمەش کەریم خان خرایە لیستی داواکراوانی ڕووسیاوە.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە 125 وڵاتەکەی ئەندامی دادگاکە پابەندبن بە بڕیارەکانەوە.
ڕەچەڵەکی کەریم خان
کەریم خان لەدایکبووی سکۆتلەندایە، لە دایک و باوکێکی پاکستانی هاتووەتە دونیاوە، لە قوتابخانەیەکی ئەهلی لە باکووری ئینگلتەرا خوێندوویەتی و کۆلێژی یاسای لە زانکۆی کینگ لە لەندەن تەواو کردووە و خاوەن بڕوانامەی باڵایە لە بواری یاسادا.
کەریم خان لە ساڵی 2021ـەوە وەکو سەرۆکی داواکاریی گشتیی دادگاکە دەستبەکاربووە کە بنکەکەی لە لاهایە، ژیانی پیشەیی مشتومڕی زۆری بەدوادا هاتووە، کە پارێزەری چارڵز تایلۆر سەرۆکی پێشووی لیبریا بووە، کە تۆمەتبار بوو بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لە سیرالیۆن، هەروەها پارێزەری ویلیام ڕوتۆی سەرۆکی کینیا بوو، کە ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانی دژی بە مرۆڤایەتی بووەوە، دواینجاریش پارێزەری سەیف ئیسلام، کوڕی موعەمەر قەزافی سەرۆکی کۆچکردووی لیبیا بووە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا