کوەیت بە 16 ملیار دۆلار تۆڕی بۆریی نەوت بۆ هەناردەی 4 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە دروست دەکات
دامەزراوەی نەوتی کوەیت، لە چوارچێوەی "پرۆژەی شاهین"دا گرێبەستێکی بەها 16 ملیار دۆلاری لەگەڵ سێ کۆمپانیای جیهانی واژۆ کرد؛ ئامانج لە پڕۆژەکە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی وڵاتەکەیە بۆ چوار ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە تاوەکو ساڵی 2035.
بەشداریی کۆمپانیا جیهانییەکان لە پڕۆژەکەدا
ئەم هەنگاوەی کوەیت سێ لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی دارایی و سندوقەکانی وەبەرهێنانی جیهانی لە کەرتی ژێرخان لەخۆدەگرێت، ئەوانیش کۆمپانیاکانی: بلاکستۆن، برووکفیڵد و کەی کەی ئاڕ.
مەرجەکانی بەکرێدانی تۆڕی هێڵی نەوت
گرێبەستەکەی کۆمپانیای نەوتی کوەیت لەگەڵ ئەو سێ کۆمپانیایە بۆ بەکرێدانی مافی بەکارهێنانی تۆڕی هێڵی نەوتی خاو بۆ ماوەی 20 ساڵە و مافی هەمیشەیی دراوەتە کۆمپانیای نەوتی کوەیت بۆ بەڕێوەبردن و چاکسازی و بەکارهێنانی تۆڕەکە بەپێی قەبارەی هەناردە و تێپەڕبوونی نەوتەکە.
گرنگیی ئابووریی گرێبەستەکە لە مێژووی کوەیتدا
دامەزراوەی نەوتی کوەیت لەبارەی گرنگیی ڕێککەوتنەکەوە ڕایگەیاند، ئەم گرێبەستە گەورەترین وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانییە لە مێژووی دەوڵەتی کوەیتدا.
دابینکردنی سەرمایە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی نەوت
دامەزراوەی نەوتی کوەیت لەبارەی داهاتی چاوەڕوانکراوی پڕۆژەکەوە گوتی، چاوەڕوان دەکرێت ئەم گرێبەستە 7 ملیار و 850 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای نەوتی کوەیت دابین بکات، ئەمەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئامانجە ستراتیژییەکەیەتی بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ 4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی 2035.
دابەشکردنی پشکەکان و خاوەندارێتیی پڕۆژەکە
دابەشکردنی پشک و خاوەندارێتی 51% بۆ دامەزراوەی نەوتی کوەیت و 49%ـی پشکەکانیش بەشێوەی یەکسان لە نێوان سێ کۆمپانیاکە بلاکستۆن، برووکفیڵد، کەی کەی ئاڕ دابەش دەبێت.
سەروەریی نیشتمانی لەسەر تۆڕی بۆرییەکان
گرێبەستەکە تەواوی تۆڕی بۆرییەکانی هەناردەکردنی ناوخۆیی دەگرێتەوە، کە تایبەتن بە گواستنەوەی نەوتی خاو، کە پێکهاتوون لە 13 هێڵی بۆری کە 320 کیلۆمەترە و دەوڵەتی کوەیت خاوەندارێتیی نیشتمانیی تەواو و کۆنترۆڵی ڕەهای بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی تۆڕی بۆرییەکان بۆ خۆی دەهێڵێتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا