گۆتێرێس و شەیبانی داوای ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە جۆلان دەکەن
لە سەردانێکیدا بۆ دیمەشق، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، جەختی لە ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی سووریا کردەوە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی پێشێلکارییەکانی بەرزاییەکانی جۆلانی کرد، لەکاتێکدا حکومەتی سووریا داوای کشانی بێمەرجی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات.
هۆشداریدانی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەمڕۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، ڕایگەیاند، "پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکیی سووریا قبووڵنەکراوە و دەبێت بوەستێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی لە دەوروبەری بەرزاییەکانی جۆلان ڕوودەدات بە تەواوی قبووڵنەکراوە".
ڕوونکردنەوەی گۆتیرێس لەبارەی خاوەندارێتیی جۆلان
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی سەروەریی خاکی سووریاوە گوتی، "ئێمە تیشک دەخەینە سەر گرنگیی سەربەخۆیی و سەروەریی سووریا و پارێزراویی خاکەکەی، پێشێلکاری بۆ سەر خاکی سووریا قبووڵنەکراوە و دەبێت بوەستێنرێت، ئەوەشی لە ناوچەکانی دەوروبەری بەرزاییەکانی جۆلان ڕوودەدات بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و دەمەوێت بیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بخەمەوە کە جۆلان خاکی سووریایە".
داواکاریی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ پاشەکشەی ئیسرائیل
لەلای خۆیەوە، شەیبانی داوای "پاشەکشەی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئیسرائیل"ی کرد لەو ناوچانەی کە هێزە ئیسرائیلییەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ـەوە چوونەتە ناوی.
ئامادەکاری بۆ پلانی هاوبەشی بونیادنانەوەی سووریا
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی، "لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی بەڕێز سکرتێری گشتی و بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع ئەنجامدرا و دواتریش ئەو کۆبوونەوە تەکنیکییەی کە زۆرێک لە وەزیرەکان بەشدارییان تێداکرد، لە ئێستادا ڕێککەوتنێک ئامادە دەکرێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر پلانێکی بونیادنانەوەی هاوبەش لەنێوان نەتەوەیەکگرتووەکان و سووریا و پێشبینی دەکەین لە مانگەکانی داهاتوودا بکەوێتە بواری جێبەجێکردن".
ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، "داگیرکاری و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەسەر خاکی سووریا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە".
داوای هەڵوێستی پتەوی نێودەوڵەتی بەپێی یاساکان
داواشی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، لە ڕێگەی هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی پتەوەوە، ئیسرائیل ناچار بکەن دەستبەجێ و بەبێ مەرج لە خاکی سووریا بکشێتەوە.
کاریگەرییەکانی "داگیرکاریی ئیسرائیل" لەسەر سامانە نیشتمانییەکان
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانەوە گوتی، "بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و داگیرکردنی نایاسایی خاکەکەمان لە دەرەوەی هێڵی 1974، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و بەهەدەردانی سامانە نیشتمانییەکانمانە. لەبەرئەوە پابەندبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە بەرز دەنرخێنین و داواکاریی خۆمان بۆ هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی پتەو دووپات دەکەینەوە، کە ئیسرائیل ناچار بکات دەستبەجێ و بەبێ مەرج لە خاکی سووریا بکشێتەوە، هاوکات جەخت لەسەر پشتیوانییەکانمان بۆ هێزەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەینەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان بەبێ هیچ ئاستەنگییەک".
پەیامی گۆتیرێس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس
هاوکات سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەژماری ئێکسەوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانیی خەڵکی سووریا بکەن.
سەردانی سکرتێری گشتی بۆ لای هێزە ئاشتیپارێزەکان
لە ماوەی مانەوەی لە سووریا، بڕیارە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سەردانی هێزی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات کە لە بەرامبەر سنووری ئیسرائیل جێگیرکراون.
بارودۆخی سووریا لە دوای نەمانی دەسەڵاتی ئەسەد
سەردانەکەی گۆتیرێس بۆ سووریا لە کاتێکدایە، لەوەتەی حوکمڕانیی 50 ساڵەی خێزانی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 کۆتایی هات، وڵاتەکە لە هەوڵی چاکبوونەوەدایە لە دوای ساڵانێکی زۆر لە ململانێ و کاریگەریی سزا قورسەکانی ڕۆژئاوا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا