کان و شڤاینشتایگەر: ئەرکەکەی کلۆپ لەگەڵ ئەڵمانیا ئاسان نییە
ئۆلیڤەر کان و باستیان شڤاینشتایگەر، دوو ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکەن کە یۆرگن کلۆپ بژاردەیەکی گونجاوە بۆ ڕاهێنەرایەتیی 'مانشافت'، بەڵام هاوکات هۆشداری دەدەن لەوەی ئەرکێکی یەکجار سەخت و ئاڵۆز چاوەڕێی دەکات.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "بی ئاڕ 24 سپۆرت"، ئۆلیڤەر کان باسی لەوە کردووە کە کێشەکانی هەڵبژاردەکە زۆر لەوە قووڵترن خەڵکی بیری لێ دەکەنەوە، کاپتن و بەڕێوەبەری پێشووی بایرن میونشن ڕوونیکردەوە کە کلۆپ ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری قورس و چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە، بۆ نموونە: کام یاریزانانە سەردەخات بۆ پێکهاتەی ئەڵمانیا و چۆن بەرە و پێشیان دەبات؟ و شێوازی یاریکردنی هەڵبژاردەکە دەبێت چۆن بێت؟
لای خۆشییەوە، شڤاینشتایگەر لە پەراوێزی پاڵەوانێتییەکی خێرخوازیی گۆڵفدا باسی لەوە کرد، کە کلۆپ ڕاهێنەرێکی مەزنە و لە دۆرتمۆند و لیڤەرپووڵ ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، بەڵام دەبێت لەگەڵ ئەڵمانیا هەموو ئاستەکان لە سفرەوە بنیاد بنێتەوە، جەختیشی کردەوە کلۆپ باشترین کەسە بۆ ئەم قۆناغە و توانای هەستانەوەی تۆپی پێی ئەڵمانیای هەیە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا بە فەرمی یۆرگن کلۆپی تەمەن 59 ساڵی تاوەکو 2030 کردە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ڕاهێنەرەکەی لیڤەرپووڵ دەبێتە جێگرەوەی جولیان ناگیلسمان کە لە قۆناغی 32ی مۆندیال بەرامبەر پاراگوای شکستی هێنا و ڕاستەوخۆ دەستی لە کار کێشایەوە، بڕیاریشە یەکەم تاقیکردنەوەی کلۆپ لە مانگی هەشتی 2026 لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپا بەرامبەر هۆڵەندا، سربیا و یۆنان دەست پێ بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا