پەرلەمانتارێک: تێچووی لیترێک بەنزین ناگاتە 150 دینار
پەرلەمانتارێکی کوردستان ئاشکرای دەکات کە تێچووی ڕاستەقینەی لیترێک بەنزین ناگاتە 150 دینار و حکومەت لە هەرێمی کوردستان قازانجێکی زۆر لە سووتەمەنی دەکات، بەڵام داهاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی؛ هاوکات گومان لە داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکرێت و داوای هەرزانکردنی نرخەکان بۆ 450 دینار بۆ هاووڵاتییان دەکرێت.
پێشنیاز بۆ هەرزانکردنی نرخەکان و قازانجی ڕۆژانە
کاوە عەلی لە فراکسیۆنی یەکگرتوو چەند بابەتێکی لەسەر نرخی بەنزین نووسیوە و لە یەکێکیاندا دەڵێت نرخی بەنزین و گازوایل بگەیەنن بە 400 بۆ 450 دیناریش؛ ڕۆژانە زیاتر لە 1 ملیۆن دۆلار لە قازانجدان! بەداخەوە لەو داهاتە زیاتر بێت و کەمتریش بێت، هیچی ناچێتە وەزارەتی دارایی!
بەراوردکاریی تێچووی پاڵاوتن بەپێی داتاکانی دیلۆیت
کاوە عەلی لەبارەی تێچووی پاڵاوتنی نەوتی خورمەڵەوە ڕوونی کردووەتەوە، لە 50,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کە بە تێچووی چەند دۆلارێک لە خورمەڵە دەڕوات بۆ پاڵاوگەکان بە تایبەت کار، تەنانەت ئەگەر بە بەرزترین نرخی پاڵاوتنیش، کە لە هیچ کوێ وا نەبێت ئەژمار بکرێت، ئەوا تێچووی هەر لیترێک سووتەمەنی تاوەکو پێش گەیشتنی بە بەنزینخانەکان نزیکەی 150 دینارە. بەڵام ئەگەر پشت بە داتاکانی Deloitte لە ساڵی 2022 ببەسترێت، ئەوا تێچووی هەر لیترێک سووتەمەنی کە لە خورمەڵە بڕوات بۆ پاڵاوگەکان نزیکەی 70 دینارە.
خەمڵاندنی قازانجی حکومەت لە کەرتی سووتەمەنیدا
کاوە عەلی لەبارەی قازانجی حکومەت لە فرۆشتنی سووتەمەنیدا ڕایگەیاند، تەنانەت ئەگەر حکومەت بەنزین بە 400 دینار بدات بە بەنزینخانەکان و ئەوانیش بە 450 دینار بیفرۆشن، و گازوایل بە 350 دینار بدات و ئەوانیش بە 400 دینار بیفرۆشن، تەنیا لە 50,000 بەرمیلی ڕۆژانە، نزیکەی 1 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار قازانج دەمێنێتەوە.
جیاوازی لە داتاکانی بڕی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی
کاوە عەلی داتایەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە ناڕاست دەزانێت کە تێیدا باسی لەوە کردووە لە 50,000 بەرمیل نەوتەکە ڕۆژانە 1 ملیۆن و 600 هەزار لیتر بەرهەم دێت و ئەو دەڵێت 2 ملیۆن و 100 هەزار لیتری لێ بەرهەم دێت.
ڕەتکردنەوەی تێچووەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
کاوە عەلی لەبارەی تێچووی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەوە ڕەتی کردەوە تێچووی هەر لیترێک بەنزین بگاتە 1415 دینار وەک ئەوەی وەزارەت باسی کردووە و دەڵێت بە دڵنیاییەوە نەک ئەو ژمارەیە زۆر هەڵەیە، بەڵکو 150 دیناریشی تێناچێت لەو 50,000 بەرمیل نەوتەی لە خورمەڵە وەریدەگرن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا