گاردیان: ئێران بە هاوکاریی چین و ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا وردتر کردووە
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە کە ئێران بە سوودوەرگرتن لە وێنە چینییەکان و تاکتیکە ڕووسییەکان، هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا وردتر کردووە. ئەم هاوکارییانە وایان کردووە سیستمی بەرگریی ئەمریکی لە ئاستیاندا لاواز بێت، ئەمەش مشتومڕی لە نێوان بەرپرسانی باڵای واشنتن و کۆشکی سپی لەبارەی تێوەگلانی پەکین و مۆسکۆ دروست کردووە.
هاوکاریی دەوڵەتانی زلهێز بۆ ئێران
ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمجارە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وردتر و کاریگەرتر بوون، چین بە وێنەی مانگی دەستکرد و ڕووسیا بەو تاکتیکانەی لە شەڕی ئۆکرانیا فێری بووە هاوکاریی تارانیان کردووە.
دەستکەوتنی وێنەی وردی مانگە دەستکردەکان
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، چین وێنەی مانگە دەستکردەکانی داوە بە ئێران بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان لە بنکەکانی ئەمریکا و شوێنەکانی دیکەی کەنداو، لەکاتێکدا ئەمریکا لە مانگی ئایاردا سزای بەسەر 3 کۆمپانیای چینیدا سەپاند بەهۆی پێشکەشکردنی ئەو جۆرە وێنانەوە.
لاساییکردنەوەی ستراتیژییەتی ڕووسیا لە ئۆکرانیا
هاوکات، ئێران لە هێرشەکانی سەر وڵاتانی کەنداودا هەمان شێوازی هێرشی ڕووسیای بۆ سەر ئۆکرانیا بەکارهێناوە، کە بریتییە لەوەی لە ڕێگەی هەڵدانی درۆنەوە سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان سەرقاڵ دەکەن بەوەش ڕێگە بۆ هەڵدانی مووشەکە بالیستیکییەکان خۆشدەکەن.
هێرشی خوێناوی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئوردن
هەینی ڕابردوو 3 سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی لە ئوردن کە بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تاد پارێزراوە، کوژران. دواتر ئێران وێنەی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردەوە کە بەهۆی هێرشەکانەوە چەندین باڵەخانە وێران بوون.
لێکۆڵینەوەکانی پنتاگۆن لە شکستی سیستمی بەرگری
دیار نییە بۆچی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەو ڕووداوەدا شکستی هێنا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکات، هێرشەکە ئەوەی هێنایە ئاراوە کە ئێران هێشتا خاوەنی مووشەکی کاریگەرە.
هۆکارەکانی گۆڕینی هاوکێشەی جەنگ لە ناوچەکەدا
ئەندریاس کریگ، مامۆستای یاریدەدەر لە قوتابخانەی توێژینەوەی ئەمنی لە کۆلێجی کینگ لە لەندەن، لەبارەی تێکەڵکردنی تواناکانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشی کاریگەر ڕایگەیاند، تێکەڵەیەک لە هەواڵگریی باشتر، توانای هەڵدانی مووشەکی، توانای مانۆڕکردن و پلاندانان بۆ هێرشی هەماهەنگ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دەهێنێتە ئاراوە.
ئاستی توانای مووشەکیی ئێران و هەڵوێستی واشنتن
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا %70ی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران وەک خۆی ماوەتەوە لەکاتێکدا واشنتن بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو توانایەیان لەناوبردووە.
دژایەتیی لێدوانەکانی وەزیری بەرگری و ترەمپ
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەبارەی هاوکارییەکانی چین و ڕووسیا بۆ ئێران لەم هەفتەیەدا لە کۆنگرێس ڕایگەیاند، چین و ڕووسیا تا ڕادەیەک هاوکاریی ئێران دەکەن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە، لەبارەی دڵنیایی وەرگرتن لە سەرۆکەکانی چین و ڕووسیا ڕایگەیاند، شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە شەخسی دڵنیایان کردووەتەوە کە چەک بە ئێران نافرۆشن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا