یاسای خانەنشینیی سەربازی هەموار دەکرێتەوە؛ مەرجەکانی تەمەنی خانەنشینیی سەربازی لە عێراق دیاری دەکرێت
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، تیمێکی هاوبەشییان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری پێکهێناوە بۆ هەموارکردنەوەی "یاسای خزمەت و خانەنشینیی وەزارەتی بەرگری ژمارە 3ـی ساڵی 2010" و چەند پێشنیازێک لەبارەی تەمەنی خانەنشینییەوە دەخرێنەڕوو.
دیاریکردنی مەرجە نوێیەکانی تەمەن و ماوەی خزمەت
عەلی ئەنهیر سەرای، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەبارەی مەرجەکانی تەمەنی خانەنشینییەوە ڕایگەیاند، پێشنیازکراوە ماوەی خزمەتی کرداریی شایستە بۆ 15 ساڵ بێت، دوو پێشنیازیش بۆ تەمەنی خانەنشینکردن خرانەڕوو کە بریتین لە (40 یان 45) ساڵ، واتە ئەو کارمەندەی 15 ساڵ خزمەتی تەواو کردبێت و تەمەنی نەگەیشتبێتە ئەو ساڵانە، مووچەی خانەنشینییەکەی تاوەکو گەیشتن بە تەمەنی دیاریکراو پێنادرێت.
هەژمارکردنی ساڵانی ڕاهێنان و دەرماڵەی هێزە تایبەتەکان
هەروەها پێشنیازکراوە ماوەی "ڕاهێنان و خوێندن ساڵێک یان دوو ساڵ بێت و وەک خزمەتی کرداری هەژمار دەکرێت و دەرماڵەی هێزە تایبەتەکانیش بۆ سەر خانەنشینی دەخرێتەسەر".
چەسپاندنی مافی کارمەندانی گرێبەست لە بودجەدا
بەگوێرەی گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بڕگەیەک زیادکراوە بۆ پاراستنی مافی کارمەندانی گرێبەست لە وەزارەتی بەرگری لە ئەگەری پەسەندکردنی بودجەدا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ یەکسانکردنی مەرج و مافەکانیان لەگەڵ کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆدا.
بەرزڕاگرتنی پلەی شەهید بۆ قوربانیانی کاتی ئەرک
عەلی ئەنهیر سەرای، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەبارەی پێدانی پلەی شەهید بە کۆچی دوایی لە کاتی ئەرکدا ئاماژەی بەوەش کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری، بڕگەیەک لەناو هەموارکردنەوەی سەربازیدا خراوەتەڕوو کە پێدانی ناوی (شەهید) لەخۆدەگرێت بۆ ئەو کارمەندەی لە کاتی چوونە سەر ئەرک یان گەڕانەوەی تووشی ڕووداوێک دەبێت، هاوشێوەی شەهیدانی سەنگەر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. هەروەها پێشنیازکراوە ئەو کارمەند و سەربازانەی لەناو سەربازگەکاندا بە نەخۆشیی درێژخایەن یان کاریگەریی تیشکدانەوە لە کەرتی جەنگدا گیان لەدەست دەدەن، سەرجەم ماف و ئیمتیازاتی شەهیدانیان پێ بدرێت.
25/07/2026