ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وردبینی لە چارەنووسی 50 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان دەکات
لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەک لەبارەی 50 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە و بڕیارە دووشەممە یەکەم کۆبوونەوە بکات و ڕاپۆرتێک ئامادە بکات.
سازدانی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە
کاوە عەبدولقادر، لە فراکسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەکە بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەممە لیژنەکە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لەناو لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات.
ڕاپۆرت بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی
ئەندامەکەی لیژنەی پەرلەمان لەبارەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتاییەوە گوتی، "لیژنەکە لە دوای ئەوەی وردبینی و بەدواداچوونەکانی تەواو دەکات ئەنجامی لێکۆڵینەوە و وردبینییەکە دەکات بە ڕاپۆرتێک و بەرزی دەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ بڕیاردان لەسەری".
بانگهێشتکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و بەغداد
کاوە عەبدولقادر، ڕوونی کردەوە لیژنەکە بانگهێشتی ئەو لایەنانە دەکات کە پەیوەندیدارن بە پێدانی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق بانگهێشتی لیژنەکە دەکرێن.
نەناردنی لیژنەکە بۆ هەولێر
ناوبراو لەبارەی شوێنی بەڕێوەچوونی دیدارەکانەوە گوتی، بە ئەگەری زۆرەوە لیژنەکە سەردانی هەولێر ناکات و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بانگهێشت دەکات.
بڕیاری پێکهێنانی لیژنە کاتییەکە
ڕۆژی 22ی ئەم مانگە لیژنەی نەوت و غاز و سەرچاوە سروشتییەکان بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی بە سەرۆکایەتیی عامر عەبدولجەبار و ئەندامێتی حەوت ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەران کە سیانیان کوردن بۆ بەدواداچوونی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی کە بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ گلدەدرێتەوە.
25/07/2026