ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری نوێی لەبارەی دۆسیەکانی نەوت و ئاو و خوێندن دەرکرد
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوودا کۆمەڵێک بڕیاری ستراتیژیی لە بوارەکانی نەوت، ئاو و خوێندن پەسەند کرد، کە دیارترینیان کاراکردنی ڕێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا و پەسەندکردنی پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆریی نەوت لەڕێگەی سووریاوە بەئاراستەی دەریای ناوەڕاست بوو.
بەگەڕخستنی ڕێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران دەنگیدا بە کاراکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی عێراق و تورکیا سەبارەت بە ئاو و پارەدارکردنی پڕۆژەکانی پەیوەست بەو ڕێککەوتنە کە لە 1ی ئەیلوولەوە دەکەوێتە باری جێبەجێکردنەوە.
هەناردەی نەوت لەڕێگەی خاکی سووریاوە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بۆ هەمەچەشنکردنی ڕێگە و دەرچەی هەناردەکردنی نەوتی خاو، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕێگەدان بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی وزەی سووریا سەبارەت بە ڕاکێشانی بۆری بە مەبەستی هەناردەی نەوت لە دەریای ناوەڕاستەوە.
گەشەپێدانی کێڵگەی عەکاز و هەڵسەنگاندنی تواناکان
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی کێڵگەی عەکازەوە ڕایگەیاند، ڕێگەی بە وەزیری نەوت داوە کە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی (CONOCPHILLIPS, TI CAPITAL, NOVATER) واژۆ بکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پەیوەست بە هەڵسەنگاندنی توانای گەڕان و گەشەپێدان لە کێڵگەی عەکاز/ڕۆژئاوای عێراق و ناوچەکانی دەوروبەری.
هەڵکەندنی بیری نەوت لە قەرەتەپە
هەر لە بڕیارەکانی پێوەست بە بوارى نەوت، ئەنجوومەنی وەزیران تەندەرێکی بۆ هەڵکەندنی بیرێک لە قەرەتەپە پەسەند کردووە.
چارەسەرکردنی پرسی دەرماڵەی خوێندکارانی دەرەوەی وڵات
لە بوارى خوێندندا، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی داوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەرماڵەی ئەو خوێندکارە بەهرەمەندانەی کە لە دەرەوەی وڵات لە ژێر سیستەمی سکۆلەرشیپ، زەمالە و یارمەتیی دارایی دەخوێنن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا