ئامانجی لێدوانە دژ بەیەکەکانی ترەمپ؛ زیادکردنی گوشار لەسەر ئێران و بەهێزکردنی پێگەی واشنتن لە دانوستانەکاندا

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

هەڵوێست و لێدوانە دژبەیەکەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، ئاسۆی دانوستانەکان و جەنگی لەگەڵ ئێران خستووەتە ناو تونێلێکی تاریکەوە. ترەمپ لە لایەک ئاماژە بە بەردەوامیی گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە جەخت لەسەر هێرشی سەربازیی بەرفراوان دەکاتەوە.

هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەیی ئێران بۆ ڕێککەوتن

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئاستی ئامادەیی تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن جەخت دەکاتەوە، هەردوو وڵات لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئاڵۆزییەکان، بەڵام پێی وایە تاران هێشتا بە تەواوی ئامادە نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.

بژاردە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بژاردەکانی بەردەم واشنتن و تاران گوتی: "ئێران هێشتا ئامادە نییە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام گفتوگۆکانمان بەردەوامن. ئێمە هێشتا بڕیاری کۆتاییمان لەسەر بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بەرفراوان نەداوە، چونکە لایەنی بەرامبەر لە ئێستادا بە جددیتر لە پڕۆسەی دانوستان دەڕوانێت. لەبەردەمماندا 2 بژاردە هەن: یان بەردەوامبوون لەسەر بژاردە سەربازییەکان بۆ لاوازکردنی تواناکانیان، یانیش گەیشتن بە تێگەیشتنێکی بەکەڵک. پێم وایە بە تێپەڕبوونی کات، ئامادەییان بۆ ڕێککەوتن زیاتر دەبێت."

ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی گەورە

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەکسیۆس باسی لەوە کردووە، بژاردەی سەربازی بە تەواوی کۆتایی پێ نەهاتووە و ڕەنگە ئەمریکا پەنا بۆ ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان ببات کە لەوانەی پێشوو گەورەتر بێت.

تێڕوانینی ترەمپ بۆ سەرکردایەتیی ئێران

هەروەها ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ترەمپ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئێرانییەکان جگە لە "زمانی هێز" لە هیچی دیکە تێناگەن و سەرکردەکانیشی بە "شێت" ناوبردووە و هەڕەشەی بەردەوامی هێرشەکانی کردووە.

فشار وەک ستراتیجێک بۆ بەدەستهێنانی سازش

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەم لێدوانە جیاوازانە دەکرێت بەشێک بن لە ستراتیجی فشاری بۆ بەهێزکردنی پێگەی واشنتن لەسەر مێزی دانوستان، تاوەکو تاران ناچار بێت سازش لەسەر بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمی و داواکارییەکانی دیکە بکات.

دابەشبوونی بۆچوونی شیکەرەوەکان

بۆچوونی شیکەرەوە سیاسییەکان لەسەر ئەم لێدوانە دژبەیەکانەی سەرۆکی ئەمریکا دابەش بووە، بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەم جۆرە لێدوانانە بە ئەنقەست و بە مەبەستن، ترەمپ دەیەوێت لایەنی بەرامبەر بەردەوام لە دڵڕاوکێدا بهێڵێتەوە تاوەکو نەزانێت هەنگاوی داهاتووی ئەمریکا چۆن و چی دەبێت. بەشێکی دیکە پێیان وایە ستراتیجی ئیدارەی ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگی ئێراندا ڕوون نییە و بەگوێرەی پێشهاتەکانی ڕۆژ دەگۆڕێت.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا