لە ئەمڕۆوە مامۆستایانی گرێبەست مووچەی مانگی 6 وەردەگرن

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە
ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە

پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بۆ مامۆستایانی گرێبەست دەستیپێکرد و نوێنەری گشتییان ئاشکرای دەکات کە هەوڵ هەیە بۆ مانگی ئەیلوول مووچەکانیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هاوکات بکرێت.

دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە

ئەمڕۆ یەکشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەست کرا. ئەم پڕۆسەیە مامۆستایانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەگرێتەوە. کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند، دابەشکردنەکە لە سەرجەم پەروەردەکان دەستیپێکردووە و لە ماوەی 3 ڕۆژدا هەموو مامۆستایانی گرێبەست شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.

تێچووی دارایی و ژمارەی سوودمەندبووان

کۆی گشتی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە لەم لیستەدا مووچە وەردەگرن، 86,791 کەسە. بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم مانگەیان بڕی 42,623,000,000 دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە. لەو بڕە پارەیە، نزیکەی 19,000,000,000 دیناری تەنیا بۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست مەزەندە دەکرێت.

هەوڵ بۆ هاوکاتکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول

سەبارەت بە داهاتووی مووچەکانیان، کارۆخ عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد کە نوسراوی فەرمی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کراوە تاوەکو مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت. ئامانجی ئەم هەنگاوە تەمویلکردنی پارەکەیە لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە بۆ بانکەکان تاوەکو چیتر دواکەوتن لە وەرگرتنی مووچەکانیاندا ڕونەدات.

کۆتاییهاتنی پڕۆسەی مووچەی مانگی حوزەیران

دابەشکردنی مووچەی ئەم توێژانە لە کاتێکدایە کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا فەرمانبەرانی دیکە و خانەنشینان مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرگرتووە. بەم هەنگاوە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6 بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچێت و سەرجەم وەزارەت و دەستەکان شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا