محەممەد سەڵاح لەگەڵ یانەی بەشیکتاش ڕێککەوت
محەممەد سەڵاح، کاپتنی هەڵبژاردەی میسر، گەیشتووەتە ڕێککەوتن لەگەڵ یانەی بەشیکتاشی تورکی و لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا بە بێبەرامبەر لە یانەی لیڤەرپووڵەوە ڕوو دەکاتە خولی سوپەری تورکیا.
نیکۆلا شێرای ڕۆژنامەوانی وەرزشی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بڵاوی کردووەتەوە، ڕێککەوتنێکی بەرایی لەنێوان محەممەد سەڵاح و یانەی بەشیکتاشدا کراوە بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستێک کە تا هاوینی 2027 بەردەوام دەبێت.
بەپێی گرێبەستەکە، سەڵاح مووچەی ساڵانەی 12 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، هەروەها بڕگەیەک لە گرێبەستەکەدا هەیە کە ماف بە هەردوو لا دەدات بۆ درێژکردنەوەی ماوەکەی تاوەکو هاوینی 2028.
شێرا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کارگێڕیی یانەی بەشیکتاش گەشبینن بە کۆتاییهێنان بە وردەکارییەکانی گرێبەستەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هۆکارەکەش بۆ فشاری بەردەوامی ڤینچێنزۆ ئیتاڵیانۆی ڕاهێنەری بەشیکتاش دەگەڕێتەوە، کە داوای کردووە بە زووترین کات گرێبەستی کاپتنەکەی میسر یەکلایی بکرێتەوە.
محەممەد سەڵاح لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا لەگەڵ یانەی لیڤەرپووڵ توانیی چەندین نازناو و ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات، جگە لە بەشیکتاشی تورکی، ناوی یاریزانەکەی میسر بە چەندین یانەی سعوودیە و یانە گەورەکانی ئەمریکاوە بەستراوەتەوە، کە بە هەمان شێوە دەیانەوێت سوود لە ناوبانگی یاریزانەکە وەربگرن و گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکەن.
1 کاتژمێر پێش ئێستا