هالاند لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی دۆنارومادا سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا
دوای چەند ڕۆژێک لە کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026، ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی نەرویجی سەرنجی هاندەرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەلای خۆیدا ڕاکێشا، کاتێک لە تۆمارێکدا دەرکەوت بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی جیانلویجی دۆنارومای گۆڵپارێزی ئیتاڵیی هاوڕێیدا کردووە.
لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی دۆنارومادا، گۆڵکارەکەی مانچێستەر سیتی ڕۆڵی مایسترۆی گێڕا و بە لێدانی دەهۆڵ، سەرکردایەتیی سەمای «ڤایکینگ»ی کرد، هاوشێوەی ئەوەی لە مۆندیالدا لەگەڵ یاریزانانی نەرویج و هاندەرانی ئەو وڵاتەدا کردی، ئەمەش میدیا و ئامادەبووانی سەرسام کرد.
لە ڤیدیۆیەکی 30 چرکەییدا دەردەکەوێت، چەندین ئەستێرەی تۆپی پێ و میوانەکان لە ڕیزدا لەسەر زەوی دانیشتوون و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لێدانی دەهۆڵەکەی هالاند، وەک سەرنشینانی کەشتییە مێژووییەکانی ڤایکینگ، ئاماژەی سەوڵلێدان لەناو کەشتییەکدا نمایش دەکەن.
ئەم دیمەنە دوای ئەوە دێت کە هالاند و هەڵبژاردەی نەرویج لە مۆندیالی 2026دا درەوشانەوە و باشترین ئاستیان پێشکەش کرد، گەیشتنە قۆناغی چارەکی کۆتایی و هەڵبژاردەی بەڕازیلیان لە پاڵەوانێتییەکە کردە دەرەوە. هەر لەو مۆندیالەشدا یادکردنەوەی ڤایکینگەکان لەلایەن نەرویجییەکانەوە بووە هێمایەکی مێژوویی و ڕەنگە لە داهاتوودا مۆندیالەکە بەو نمایشەی نەوەکانی ڤایکینگ بناسرێتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا