توانا وەلی تەمەن 21 ساڵ لە کاتی شوانکاریدا لە گەرمیان بێسەروشوێن دەبێت

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
توانا وەلی، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵە و دانیشتووی شارەدێی کۆکسە
توانا وەلی، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵە و دانیشتووی شارەدێی کۆکسە

ماوەی 5 ڕۆژە گەنجێکی شوانکار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دیارنەماوە و تاوەکو ئێستاش گەڕان بەدوایدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و کەسوکارییەوە بەردەوامە.

وردەکاری ڕووداوەکە و شوێنەواری بەجێماو

توانا وەلی، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵە و دانیشتووی شارەدێی کۆکسە، لە ڕۆژی چوارشەممە 22ـی تەمموزەوە لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکەیدا دیارنەماوە. زانا وەلی، برای گەنجە بێسەروشوێنبووەکە ڕایگەیاند، شتومەکی شوانی و نانەکەی لەو شوێنە بەجێماوە کە لێی بووە، هەروەها شوێنپێی ماتۆڕسکیلێک لە نزیک شوێنی مانەوەی دۆزراوەتەوە، بەڵام خۆی و مەڕەکانی لەوێ نەماون.

گومانەکان و پاشخانە کۆمەڵایەتییەکە

ئەم خێزانە بە ڕەچەڵەک خەڵکی کفرین و بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە چوونەتە شارەدێی کۆکس. بەپێی زانیارییەکان، گومانی ڕفاندنی ئەم گەنجە دەکرێت، چونکە ساڵی ڕابردوو بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بەپێی ماددەی 411 بۆ ماوەی 3 مانگ دەستگیرکراوە و دواتر لەلایەن دادگاوە ئازاد کراوە.

هەڵمەتی گەڕان و کێوماڵکردنی ناوچەکە

لە بەیانی ئەمڕۆوە هێزە ئەمنییەکان و کەسوکاری گەنجەکە کێوماڵێکی فراوانیان لە ناوچەکە دەستپێکردووە. برای توانا ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە و داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن هەر زانیارییەکیان هەبێت هاوکارییان بکەن.

هەماهەنگیی پۆلیسی گەرمیان و سلێمانی

سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، بەدواداچوونەکانیان بۆ دۆزینەوەی گەنجەکە بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد کە زانیارییان پێگەیشتووە کەسێک هاوشێوەی ئەو گەنجە لە "هەواری شار"ی سلێمانی بینراوە، بۆیە ئێستا لەگەڵ پۆلیسی سلێمانی لە پەیوەندیدان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییە و ناسینەوەی گەنجەکە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا