ڕێکاری نوێ بۆ خانەنشینان؛ لە ماوەی مانگێکدا دۆسیەکان دەخرێنە سیستمی پەیڕۆڵ

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە
ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێکاری نوێ بۆ خێراکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەگرێتەبەر و چیتر ڕێگە نادرێت دۆسیەکانیان دوابخرێت؛ بڕیارە لەمەودوا لە ماوەی کەمتر لە 30 ڕۆژدا سەرجەم ڕێکارەکان تەواو بکرێن و خانەنشینان مووچەکانیان وەربگرن.

خێراکردنی ڕێکارەکان و بڕیاری وەزارەت

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیارێکی دەرکردووە کە جەخت لە تەواوکردنی خێرای مامەڵەی خانەنشینان دەکاتەوە. بەپێی بڕیارەکە، دەبێت هەر فەرمانبەرێک خانەنشین دەبێت، لە ماوەی کەمتر لە 1 مانگدا دۆسیەکەی لە سیستمی پەیڕۆڵدا تۆمار بکرێت بۆ ئەوەی بێبەش نەبێت لە وەرگرتنی مووچە لە کاتی خۆیدا.

دۆسیەی فەرمانبەرانی شارستانی

سەرچاوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی ئاشکرایان کردووە کە کارکردن بەم بڕیارە نوێیە دەستیپێکردووە. لە ئێستادا دۆسیەی فەرمانبەرانی شارستانی، پاش ئەوەی ڕێکارە کارگێڕییە سەرەتاییەکانیان تەواو دەبێت، ڕاستەوخۆ لە ماوەی 1 مانگدا ناوەکانیان دەچێتە ناو سیستمی پەیڕۆڵ و بە فەرمی وەک خانەنشین مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

هۆکاری سستی لە دۆسیەکانی وەزارەتی ناوخۆ

بەپێچەوانەی فەرمانبەرانی شارستانی، ڕێکارەکانی خانەنشینی بۆ کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بە سستی بەڕێوەدەچێت. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێک لەو کەسانەی خانەنشین دەبن، داوای هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتی یان خزمەتی دیکە دەکەن، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت بۆ وردبینی و گەڕان بەدوای بەڵگەنامەکاندا، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دواکەوتنی دۆسیەکانیان.

دابەشکردنی دەسەڵاتی تۆمارکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش

سەبارەت بە کارمەندانی ئەنجوومەنی ئاسایش، ڕێکارەکان دابەشکراون؛ بە جۆرێک دۆسیەی فەرمانبەرانی ئاسایی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەخرێنە ناو سیستمی پەیڕۆڵ. بەڵام دۆسیەی پلە باڵاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش تەنیا لە شاری هەولێر ڕێکارەکانیان بۆ دەکرێت و لەوێ ناویان دەخرێتە ناو سیستمەکەوە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا