وەزارەتی کاری عێراق: تەنیا 47 هەزار کرێکاری بیانی بە فەرمی تۆمارکراون

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئاماری نوێی کرێکارانی بیانی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، جگە لەو بڕە تۆمارکراوە، هیچ ئامارێکی ورد لەسەر ئەو کرێکارانە بەردەست نییە کە بە نایاسایی هاتوونەتە ناو وڵاتەکەوە.

ئاماری فەرمی و کێشەی کرێکاری نایاسایی

ئوسامە مەجید خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی لە وەزارەتی کار، ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کرێکارە بیانییانەی بە فەرمی لای ئەوان تۆمارکراون ناگاتە 47,000 کرێکار. ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتەکەیان هیچ داتایەکی وردی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەو کرێکارانەی بە نایاسایی و بەبێ مۆڵەت لە عێراقدا کار دەکەن.

نووسینگەکانی تۆمارکردن و هۆشداری لە لایەنە ڕێگەپێنەدراوەکان

وەزارەتی کار 140 نووسینگەی تایبەتی بۆ پڕۆسەی تۆمارکردنی کرێکاران تەرخان کردووە. ئەو بەرپرسەی وەزارەت هۆشداریی دا لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر لایەن و نووسینگەیەکی ڕێگەپێنەدراو، چونکە ئەو لایەنانە دەبنە هۆی تۆمارنەکردنی کرێکارەکان و شاردنەوەیان، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی خاوەنکارەکان سوود لە کارکردنیان وەربگرن بە مووچە و شایستەی دارایی زۆر کەمتر لە چاو کرێکارە فەرمییەکان.

ڕێکارە یاساییەکان و دۆزینەوەی کرێکاری سەرپێچیکار

لەبارەی سزاکانەوە، وەزارەتی کار ڕایگەیاندووە ئەو کەسانەی یاساکانی کار پێشێل دەکەن ڕەوانەی دادگا دەکرێن و ئەو کۆمپانیایانەش کە کرێکارەکانیان تۆمار ناکەن، سزا دەدرێن. ئوسامە مەجید ئاشکرای کرد کە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا، لە ڕێگەی پشکنین بۆ چێشتخانە و پڕۆژە بازرگانییەکان، توانیویانە هەزاران کرێکاری نایاسایی بدۆزنەوە و ڕێکارییان بەرامبەر بگرنە بەر.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا