مەسرور بارزانی: پابەندین بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کرد

سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، جەخت لە پاراستنی سامانی گشتی و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان دەزگاکان دەکاتەوە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی.

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و کارەکانی دەستەی دەستپاکی

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی دەستەکەیان لە ماوەی ڕابردوودا خستەڕوو و باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکانی وردبینی و چاودێری کرا.

هەماهەنگی بۆ پاراستنی سامانی گشتی

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرا. ئامانجی ئەم هەوڵانە بریتییە لە چڕکردنەوەی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بەهەدەردانێکی سامانی گشتی لە دامودەزگاکاندا.

هەڵوێستی حکومەت و پشتگیریکردنی دەستەکە

سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان پابەندبوونی حکومەتەکەی بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە دووپات کردەوە. هەروەها ئامادەیی حکومەتی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ دەستەی دەستپاکی، تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەردەوام بن لە پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا