دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا: کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دەریای سوور بەئامانج گیرا

بەهزاد ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
بە ئامانجگرتنی کەشتییەک لە دەریای سوور
بە ئامانجگرتنی کەشتییەک لە دەریای سوور

دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا 'ئومکۆ' ڕاپۆرتێکی لەبارەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لەلایەن تەنێکی نەناسراوەوە لە باشووری دەریای سوور پێگەیشت؛ بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کەشتییەکە و دەستەی کارگێڕییەکەی سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی بەر تیمەکە نەکەوتووە.

بەئامانجگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر

دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا 'ئومکۆ' ڕایگەیاند، ڕاپۆرتێکیان لەبارەی ڕووداوێکەوە لە باشووری دەریای سوور پێگەیشتووە، کە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لەلایەن تەنێکی نەناسراوەوە بەئامانج گیراوە.

سەلامەتیی کەشتییەکە و تیمەکەی

دەستەکە لەبارەی زیانەکانی ڕووداوەکەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە سەلامەتیی کەشتییەکە و تیمە دەریاوانییەکەی دەکەن و هیچ زیانێکی گیانی یان برینداربوونی تیمەکە ڕووی نەداوە.

بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە

ئومکۆ لەبارەی جۆری هێرشەکەوە ئاماژە بەوە دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕووداوەکە دەکەن، بەبێ ئەوەی سروشتی ئەو "تەنە نەناسرا"وە ئاشکرا بکەن کە بەر کەشتییەکە کەوتووە، هەروەک هیچ لایەنێکیان تۆمەتبار نەکردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکە.

گرژییەکانی دەریای سوور و بەئامانجگرتنی کەشتیی سعودیە

لەمدواییانەدا بەهۆی نوێبوونەوەی گرژیی نێوان حوسییەکانی یەمەن و سعودیە، ڕووداوی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان لە دەریای سوور زیادیان کردووە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودیە، پێنجشەممەی ڕابردوو پشتڕاستی کردەوە کە کەشتییەکی سعودی لەکاتی تێپەڕینیدا لە دەریای سوور کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگر لە ژووری بزوێنەرەکەی کەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

هەڵوێستی حوسییەکان و سەپاندنی گەمارۆ

پێشتریش حوسییەکان بەئامانجگرتنی دوو کەشتیی دیکەیان لە دەریای سوور ڕاگەیاند، ئەوەش دوای سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر کەشتییەکانی سعودیەدا هات.

بەهزاد ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا