بەهۆی ئاگرەوە لە فەڕەنسا 220 هەزار کەس و لە ئیسپانیا 75 هەزار کەس ماڵەکانيان جێهێشتووە
شەپۆلێکی چڕی ئاگرکەوتنەوە دارستانەکانی فەڕەنسا و ئیسپانیای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 295 هەزار کەس لە هەردوو وڵات ناچار بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان بوون؛ هاوکات بەرپرسانی باڵا هۆشداری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە دەدەن و هەزاران سەربازیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێک لە گەورەترین کارەساتە ژینگەییەکان لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە خراونەتە ئامادەباشییەوە.
پەرەسەندنی قەیرانی ئاوارەبوونی دانیشتووان
چەند ڕۆژێکە ئاگری دارستانەکان بەچڕی لە فەڕەنسا و ئیسپانیا کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە 220 هەزار کەس لە فەڕەنسا و 75 هەزار کەس لە ئیسپانیا ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.
دۆخی نائاسایی لە ناوچەی بۆردۆ
لە شاری بۆردۆی فەڕەنسا فەرمان بە زیاتر لە 50 هەزار کەس کراوە لە گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، بەوەش لە تەواوی ئەو شارەدا 220 فەرمانی چۆڵکردنیان بۆ دەرکراوە، سەدان کەسیش لە ناوچەکانی دیکە ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.
داخرانی ڕێگە سەرەکییەکان و هێڵەکانی گواستنەوە
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەبارەی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە و پەککەوتنی هاتوچۆ ڕایانگەیاندووە، بەهۆی بای بەهێزەوە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و بەشێک لە ڕێگەی سەرەکیی شاری بۆردۆ بۆ سنووری ئیسپانیا داخراوە، هاتوچۆی شەمەندەفەریش لە باشووری شارەکە ڕاگیراوە.
سەرهەڵدانی ئاگری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا
لە ئیسپانیاش ئاگرەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 75 هەزار کەس ماڵەکانیان بەجێهێشتووە، ئەمڕۆ ئاگرێکی نوێ لە پارێزگای کاستێلۆنی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ڤالێنسیا کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە 15 هەزار کەس فەرمانی چۆڵکردنی ماڵەکانیان بۆ دەرچوو.
هەوڵە حکومییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە
پێدرۆ سانجێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کاتی سەردانیکردنی ناوچەی ئەڤیلا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکە ڕایگەیاندووە، کاتێکی سەخت لەبەردەمیاندایە بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئاگری دارستانەکان و گەشبینن بە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی دەوروبەری مەدریدی پایتەخت.
زیادبوونی ڕووبەری زەوییە سووتاوەکان
پێدرۆ سانجێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لەبارەی ئاماری زیانەکان زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی، "کاتی سەختمان لەپێشە، ئەوەی لێرە لەم کۆبوونەوەیەدا پێمانگەیشتووە ئەوەیە کە شەوی ڕابردوو لە ڕووی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە و کۆنترۆڵکردنی و بەرەنگاربوونەوەی زۆر ئەرێنی بووە، با بزانین ئەمڕۆ چۆن دەبێت، ئەگەر دوێنێ باسمان لەوە کردبێت کە ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 130 هەزار هێکتار زەوی سووتاوە، ئەمڕۆ لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا گەیشتووینەتە سەروو 150 هەزار هێکتار".
هۆشدارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا
لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لەبارەی پرۆسەی کوژاندنەوەی ئاگرەکە ڕایگەیاندووە، ئاگرەکە کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو بکوژێنرێتەوە و تا ئەو کاتەش هیچ کەسێک لە دانیشتووانی ناوچە چۆڵکراوەکان ناگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.
زیانە مێژووییەکانی ژینگەی فەڕەنسا
بەهۆی ئاگرەکەی فەڕەنساوە تاوەکو ئێستا 103 هەزار دۆنم زەوی سووتاوە، ئەمە بە یەکێک لە گەورەترین ئاگرەکان دادەنرێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە.
بەشداریی سوپا لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان
سوپای فەڕەنسا هەزار و 500 سەربازی ناردووە بۆ یارمەتیدانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا