ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کامیل عەباس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە بەتۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکرا
کامیل عەباس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە بەتۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکرا

دەستەی دەستپاکیی عێراق کامیل عەباس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدینی بە تۆمەتی تێوەگلانی لە گەندەڵی و دیارنەمانی 400 ملیۆن دینار دەستگیرکرد؛ ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندایە کە تێیدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 58 فەرمانبەری دیوانی پارێزگاکە دەرچووە و تا ئێستاش 30 کەسیان خراونەتە پشت بەربەستەکانەوە.

شوێن و وردەکاریی دەستگیرکردنەکە

کامیل عەباس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە بە تۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کرا و بەگوێرەی زانیاریی کەناڵ8، ناوبراو لە شارۆچکەی بێجیی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر کراوە.

بڕی پارەی دیارنەماو و جۆری تۆمەتەکە

هۆکاری دەستگیرکردنەکەشی بۆ دیارنەمانی بڕی 400 ملیۆن دینار ئیفاد و ساختەکاری لە پسوڵە دەگەڕێتەوە، لەو سەردەمەی کە یاریدەدەری پارێزگاری سەڵاحەدین بووە لە ساڵی 2023.

هەڵمەتی دەستگیرکردنی فەرمانبەرانی دیوان

دەستگیرکردنی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دوای ئەوە دێت، هەفتەی ڕابردوو فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 58 فەرمانبەری دیوانی پارێزگای سەڵاحەدین دەرچووە و تاوەکو ئێستاش نزیکەی 30 لەو فەرمانبەرانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، دەستگیر کراون.

گەمارۆدانی پێشووەختەی ماڵی داواکراوەکە

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا یەکێک بوو لە داواکراوەکان بۆ دەستگیرکردنیان و 4 ڕۆژ لەمەوبەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ درا، بەڵام دەستگیر نەکرا.

هەڵوێستی کامیل عەباس بەرامبەر تۆمەتەکان

ئەوکات کامیل عەباس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە بڵاوکراوەیەکیدا لە پەڕەی فەرمی فەیسبووکی خۆی ڕوونکردنەوەیەکی دا و باسی لە پاکیی خۆی کرد و گوتی، "هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەمەوە کە خراونەتە پاڵم، هەر بەڵگەیەکیش بخرێتە ڕوو، ئامادەم لە دادگا بێتاوانیی خۆم بسەلمێنم".

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا