سوپای لوبنان ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە چوارچێوەییەکەی نێوانیان تۆمەتبار دەکات
سوپای لوبنان سەرکۆنەی هێرش و پێشێلکاریی بەردەوامی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکات و تۆمەتباری دەکات بە ڕێگریکردن لە جێگیرکردنی سوپاکەی، سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی کە ئێستا لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
وێرانکردن و تەختکردنی سیستماتیکی ماڵەکان
ئەمڕۆ لە ڕاگەیێنراوێکدا سوپای لوبنان گوتی:"ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرش و پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر ڕێککەوتنەکان و یاسای نێودەوڵەتی، لەڕێگەی وێرانکردن و تەختکردنی سیستماتیکی ماڵەکان".
سەرەڕای حەوت خول دانیشتن هێشتا ئاڵۆزییەکان بەردەوامە
ڕاگەیێنراوەکەی سوپا لەکاتێکدایە بۆ حەوتەمین خولە گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەردەوامە، کە بڕیارە لە 4ـی ئاب، لە ڕۆما درێژەی ببێت.
بەردەوامی هێرشەکان و ڕێگری لە تەواوکردنی جێگیربوونی سوپای لوبنان
لە درێژەی ڕاگەیێنراوەکەدا، سوپای لوبنان ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامیی ئەم هێرشانە ڕێگری لە تەواوکردنی جێگیربوونی سوپا دەکات بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی هەیە و ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ گوند و شارۆچکەکانیان.
جێگیربوونی سوپای لوبنان لەناوچە تاقیکارییەکان
سێشەممەی ڕابردوو، سوپای لوبنان دەستی بە جێگیرکردنی هێزەکانی کرد لە یەکێک لە ناوچە تاقیکارییەکان لە باشووری لوبنان، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە چوارچێوەییەی کە مانگی ڕابردوو، بە نێوەندگیری ئەمریکا، لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل واژۆ کرا.
گرژییەکان لە باشووری لوبنان لەکاتێکدایە ئەمڕۆ، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان گەیشتە عێراق و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات.
1 کاتژمێر پێش ئێستا