عەلى زەیدى و نەواف سەلام لە بەغداد کۆبوونەوە

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی هەردوو حکومەتی عێراق و لوبنان بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە بەغداد
کۆبوونەوەی هەردوو حکومەتی عێراق و لوبنان بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە بەغداد

بە سەرۆکایەتیی عەلى زەیدى و نەواف سەلام، شاندی باڵای هەردوو حکومەتى عێراق و لوبنان لە بەغداد کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات لە بوارەکانى سیاسى و ئابوورى و ئەمنى کرا.

سەردانی کۆشکی حکومی و پێشوازیکردن لە لایەن زەیدییەوە

ئەمڕۆ، نەواف سەلام سەرۆکوەزیرانى لوبنان، بەیاوەرى شاندێکى باڵا گەیشتە عێراق، لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداد لەلایەن فالح سارى، وەزیرى دارایی پێشوازى لێکرا، دواتر سەردانى کۆشکى حکومى لە بەغداد کرد و دواى پێشوازیکردنى لەلایەن عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران.

تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان

لە دیدارێکى دوو قۆڵیدا، تاوتوێى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هاوبەشیی ئابووریى نێوان هەردوو وڵات و دۆخى ناوچەکەیان کرد.

کۆبوونەوەی هەردوو حکومەت

پاشان، هەردوو سەرۆکوەزیران سەرپەرشتیی کۆبوونەوەى هەردوو حکومەتیان کرد.

تاوتوێى ڕێگاکانى پتەوکردنى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى ڕێگاکانى پتەوکردنى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە بوارەکانى ئابوورى وسیاسى و ئەمنى کرا، هەروەها باسیان لە ئاسۆى پەرەپێدانى هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات کرد، بەجۆرێک ببێتە مایەى بەهێزکردنى هەنگاوەکانى گەشەپێدانى گشتگیر و بەدیهێنانى خواستەکانى هەردوو گەلى عێراقى و لوبنانى.

جەختکردنەوە لە هاوبەشی ئابووریی بەرهەمدار

سەرۆکوەزیرانى عێراق، جەختیکردەوە لە قووڵى پەیوەندییەکانى عێراق و لوبنان و ڕژدبوون لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و گرنگیی چوونە ناو هاوبەشى ئابووریى بەرهەمدار لە سەرجەم کەرتەکانى پەرەپێدان.

کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکان و ڕاگرتنى ململانێکان

عەلى زەیدى، هەماهەنگیی هاوبەشى هەردوو وڵاتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئاڵنگارییەکانى ناوچەکە و پاڵپشتى کارى دوو قۆڵى بۆ پاڵپشتیی سەقامگیریی هەرێمى و کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکان و ڕاگرتنى ململانێکان بە گرنگ ناوبرد.

سەردانێکى ئابوورى و ستراتیجى بۆ عێراق

سەردانەکەى سەرۆکوەزیرانى لوبنان بۆ عێراق، بە سەردانێکى ئابوورى و ستراتیجى ناودەبرێت، ئەجێنداى سەرەکى بریتییە لە گفتوگۆکردن لەبارەى زیندووکردنەوەى پڕۆژەى هێڵى نەوتى (عێراق- سووریا- لوبنان) و ئەگەرەکانى دووبارە بەگەڕخستنەوەى دامەزراوە و پاڵاوگەکانى تەرابلووس، جگەلەوەش بەهێزکردنى هەماهەنگییەکان لەبوارەکانى ووزە، گواستنەوە و پەیوەندییەکان.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا