ئێران: 750هەزار زیارەتکار بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن چوونەتە عێراق

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی ناوخۆیی ئێران دەڵێت زیاتر لە دوو ملیۆن ئێرانی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حسین
وەزارەتی ناوخۆیی ئێران دەڵێت زیاتر لە دوو ملیۆن ئێرانی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حسین

وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 750 هەزار کەس لە ئێرانەوە بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن سەردانی شارە جیاوازەکانی عێراقیان کردووە، پارێزگاری ئیلامیش دەڵێت، هەموو خزمەتگوزارییەکانی هاتوچۆ لە سنووری مێهران بۆ زیارەتکاران ئامادەکراوە.

زیارەتکاران لە شەش دەروازەی سنوورییەوە گەیشتوونەتە عێراق

ئەسکەندەر موئمنی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ لە شەش دەروازەی سنووریی نێوان ئێران و عێراقەوە 750 هەزار زیارەتکار لە پارێزگا جیاوازەکانی ئێرانەوە سەردانی عێراقیان کردووە."

زیاتر لە دوو ملیۆن ئێرانی ناوی خۆیان تۆمار کردووە

موئمنی دەشڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن ئێرانی ناوی خۆیان بۆ بەشداری لە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن لە عێراق تۆمارکردووە.

وەزیری ناوخۆی ئێران دەشڵێت، "زیاتر لە 20 تیمی جیاوازی وڵاتەکەی لەگەڵ زیارەتکاران دەبن بۆ عێراق".

ئامادەکردنی شوێنی 150 هەزار ئۆتۆمبێلی زیارەتکاران

ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامیش بە میدیای وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە، لە شاری سنووریی مێهران، شوێنیان بۆ زیاتر لە 150 هەزار ئۆتۆمبێلی زیارەتکاران ئامادەکردووە، دەشڵێت، هەموو ئاسانکارییەکی هاتوچۆ بۆ زیارەتکاران لە بەردەستە و تاوەکو ئێستا 30٪ پارکەکانی ئۆتۆمبێل لەسەر سنوور پڕ بوون.

نزیکترین شارەدێی ئێران بۆ هاتنە ناو عێراقەوە

شاری سنووریی مێهران کە هاوتای دەروازەی سنووریی زەرباتییەیە لە دیوی عێراق، نزیکەی 230 کم لە بەغدادەوە دوورە و نزیکترین شاری سنووریی ئێرانە لە بەغدادی پایتەختی عێراقەوە، دەروازەی سنووریی مێهران بە دووریی 85کم لە باشووری رۆژئاوای ئیلام هەڵکەوتووە، یەکێکە لە دەروازە سنوورییە گرنگەکانی ئێران و ساڵانە هەزاران ئێرانی لەو دەروازە سنورییەوە بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن دەچنە عێراق.

ڕۆژی چلەی ئیمام حسین

چلەى فەرمیی ئیمام حسێن، بڕیارە رۆژى سێشەممە 4ـی ئابی 2026 لە هەردوو شارى کەربەلا و نەجەف، بەبەشداریی ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتییانى عێراق و زیارەتکارانى شیعە مەزهەبی وڵاتانى دیکە، بەڕێوەبچێت.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا