وەزارەتی کارەبای عێراق: کارەبا لەو دامەزراوانە دەبڕدرێت کە قەرزدارن و کرێى کارەبا نادەن

شۆڕش محەمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
بڕینی یەکێک لە شوێنە سەرپێچیکارەکان بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکانی عێراق
بڕینی یەکێک لە شوێنە سەرپێچیکارەکان بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکانی عێراق

وەزارەتى کارەباى عێراق ڕایگەیاند، کۆمەڵێک ڕێکاریان گرتووەتەبەر بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لە دابەشکردنی وزە و کۆتاییهێنان بە جیاکارییەکان، هەروەها جەختی لە بڕینی کارەبای ئەو دامەزراوانە کردەوە کە کرێی کارەبا نادەن.

جێبەجێکردنی پلانێک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی لە دابەشکردنی کارەبا

ئەحمەد ترکی جیاد، گوتەبێژی وەزارەتى کارەبا بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى ڕاگەیاند، وەزارەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی وزەی کارەبا و دڵنیابوونەوە لە سوودوەرگرتن لە وزەی بەردەست بەگوێرەى پێوەرە دادپەروەرەکان، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگ و بارودۆخە نائاساییانەی کە سیستمی کارەبای نیشتمانی پێیدا تێدەپەڕێت.

زنجیرە بڕیارێکی وەزیری کارەبا دوای دەستبەکار بوونی

گوتیشى، لەو کاتەوەى وەزیری کارەبا دەستبەکاربووە زنجیرەیەک بڕیار و ڕێکاری لەم ئاڕاستەیەدا دەرکردووە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی ئەو جیاکارییە بێ پاساوانەی کە پێشتر بۆ هێڵەکانی فریاکەوتن درابوون، ئەمەش بۆ ئەوەی کارەبا لە نێوان هاوڵاتییاندا بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر دابەش بکرێت.

گرتنبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ژمارەیەک دامەزراوەی ئەهلی

گوتەبێژى وەزارەتى کارەبا ڕوونیکردەوە، وەزارەت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ژمارەیەک دامەزراوەی ئەهلی گرتووەتەبەر کە بۆ چەندین ساڵە کرێی بەکارهێنانی کارەبایان نەداوە و بڕە پارەیەکی زۆریان لەسەر کۆبووەتەوە.

جەختیشی کردەوە، کارەبای ئەو دامەزراوە ئەهلییانە دەبڕدرێت تاوەکو ئەو کاتەی قەرزەکانیان بەگوێرەى ڕێنماییەکان پاکتاو دەکەن.

شۆڕش محەمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا