نزار ئامێدى: هەڵوێستى عێراق نەگۆڕە لە پاڵپشتیکردنى ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان

دانیار فاروق 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق و، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان
کۆبوونەوەی نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق و، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان

سەرۆککۆمارى عێراق لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند، هەڵوێستى عێراق نەگۆڕە لە پاڵپشتیکردنى سەقامگیریی و ئاسایشیی لوبنان. جەختیشی کردەوە، پێویستە زمانی گفتوگۆ جێگەی ململانێ و گرژییەکانى ناوچەکە بگرێتەوە.

جەختکردنەوە لە فراوانکردنى پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات

نووسینگەى ڕۆژنامەوانى، سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق، ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئاماژەى بەوەکردووە، نزار ئامێدى، لە کۆشکى سەرۆکایەتى لە بەغداد، لەگەڵ نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانى لوبنان، و شاندى یاوەرى کۆبووەتەوە. تیایدا جەختکراوەتەوە لە فراوانکردنى پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانى سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرى. هەروەها گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە قسە و گفتوگۆى لەبارەوە کراوە.

عێراق پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی لوبنان دەکات

سەرۆککۆمارى عێراق، دووپاتیکردووەتەوە، عێراق پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی لوبنانە. ئاماژەى بەوەشکردووە، پێویستە هاودەنگی نیشتمانی لە لوبنان هەبێت بۆ پەرەپێدانى دامەزراوەکانى دەوڵەت، کە سەروەریی لوبنان و یەکێتى خاکەکەى بێنێتە کایەوە.

گرتنبەری زمانی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت

نزار ئامێدى ڕاشیگەیاندووە، پێویستە ناکۆکی و گرژییەکانى ناوچەکە کۆتایی بێت و زمانى گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت بۆ چارەسەرى کێشەکان جێگەی بگرێتەوە.

هاوکات نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانى لوبنان، جەختیکردووەتەوە، لوبنان عێراق وەک هاوبەشێکى عەرەبى و میحوەرى دەبینێت و لە هەوڵى فراوانکردنى ئەو هاوبەشییەیە، تاوەکو لە بەرژەوەندییەکانى هەردوولادا ڕەنگبداتەوە.

 ستایشکردنی هەڵوێستی حکومەت و گەلی عێراق

نەواف سەلام، هەڵوێستەکانى حکومەت و گەلى عێراقی بەرزنرخاندووە لە پاڵپشتیکردنى حکومەت و گەلى لوبنان و چەسپاندنی سەقامگیریی وڵاتەکەیان.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە فالح سارى، وەزیرى دارایی و باسم عەبادى، وەزیرى نەوت و مستەفا سەنەد، وەزیرى پەیوەندییەکان و سەرۆکى فەرمانگەى عەرەبى لە وەزارەتى دەرەوە، بەشداربوون.

دانیار فاروق

3 کاتژمێر پێش ئێستا