نیویۆرک پۆست: ئەمریکا بیر لە ئۆپراسیۆنێک دەکاتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتن یان لەناوبردنی یۆرانیۆمی ئێران
ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست ئاشکرای دەکات، پنتاگۆن بیر لە پلانێکی سەربازیی ئاڵۆز دەکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتن یان لەناوبردنی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی وڵاتەکە، لەکاتێکدا کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بگەنە بنبەست.
پلانەکە پێویستی بە بڵاوەپێکردنی هەزاران سەرباز دەبێت
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئاگادارەوە لە پرسەکە ڕایگەیاندووە، پلانەکە پێویستی بە بڵاوەپێکردنی هەزاران سەرباز دەبێت، ئەمە جگە لە هێزی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکان و یەکەکانی ئەندازیاریی سەربازی و شارەزایانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب، بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بەو یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوە و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات یان لەناوبردنی.
ئامانجی سەرەکیی پلانەکە وێستگە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ئیسفەهانن

بەگوێرەی نیوۆرک پۆست، ئامانجی سەرەکیی پلانەکە وێستگە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ئیسفەهانن، ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی شوێنە شاخاوییەکان ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ڕووی فراوانییەوە یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە مێژووی زانستیی سەربازیی نوێدا.
پێویستی هێزەکانی ئەمریکا بۆ پلانەکە
ئاماژە بەوەش کراوە کە هێزەکانی ئەمریکا پێویستیان بە دروستکردنی تەوقێکی ئەمنیی ئاڵۆزە لە دەوروبەری وێستگە ئەتۆمییەکان، ئەمە جگە لە هێڵەکانی دابینکردن و چۆڵکردن، لە هەمانکاتدا تیمی لابردنی مین و هەڵکەندی چیاکە و لابردنی پاشماوەکان دەبێت.
"ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆن لە مێژووی سەربازیدا"
جۆزێف ڕۆدجێرز، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی ئەم ئۆپەراسیۆنە بە "ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆن لە مێژووی سەربازیدا" ناودەبات، بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەکانی ئەمدواییەی ئێران بۆ زیادکردنی بەربەستەکان لە بەردەم ئەمریکا و زیادبوونی ڕێوشوێنە بەرگرییەکانیان.

2 کاتژمێر پێش ئێستا