لە هەولێر بەنزین لەسەر شەقامەکان دەفڕۆشرێت
قەیرانى نەبوونى بەنزین لە زۆرێک لە بەنزینخانەکانى پارێزگاى هەولێر بەردەوامە و هاونیشتمانیان ناچارن بەنزین بە نرخێکى گران لەسەر شەقامەکان بکڕن.
بەنزین کڕین لەسەر شەقامەکان بە نرخێکی گران
بەشێک لە هاونیشتمانیانى پارێزگاى هەولێر چەند گرتەیەکى ڤیدیۆییان بۆ کەناڵ8 ناردووە و ئاماژە بەوە دەکەن ، کە لە زۆربەى بەنزینخانەکانى پارێزگاى هەولێر بەنزین دەست ناکەوێت و بەنزینیان نییە و هاوڵاتیان ناچارن بۆ بەدەستهێنانى بەنزین بە نرخێکى گران لەسەر شەقامەکان بیکڕن.
نزیکەی مانگێکە بەنزین گران بووە
لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرانیی نرخی هەموو جۆرەکانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 20ی تەمموزی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵی بازرگانی و حکومی دیاریکرد، کە بەنزینی نۆرماڵی حکومی لیترێک بە 750 دینار و بەنزینی بازرگانیی نۆرماڵ لیتری نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت، بەڵام دواتر بەشێک لە بەنزینخانەکان ئامادەییان نەبوو بڕیارەکە جێبەجێبکەن و قەیرانەکە قووڵتر بوو.
بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
وەک چارەسەرێکی دیکە لە 22ی تەمموزدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕیارێکی دیکەی دا و لەبارەی نرخی سووتەمەنییەوە ڕایانگەیاند، نابێت لە بەنزینخانەکان بەنزینی موحەسەن لە 1 هەزار دینار و سوپەر لە 1 هەزار و 200 دینار زیاتر بێت، دوای ئەم بڕیارەش لە زۆرێک لە بەنزینخانەکانی سنووری هەولێر و دهۆک، ئەو جۆرە بەنزینانەش نەمان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا