ڕێبەری ئێران: بەرگریکردن لە لوبنان مەرجی سەرەکیی ئاگربەست بووە
ڕێبەری ئێران، لە پەیامێکدا دەڵێت، وڵاتەکەی وەک مەرجی سەرەکی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ، بەرگریکردنی لە حیزبوڵای لوبنان و پاراستنی سەروەریی ئەو وڵاتەی بۆ ئەمریکا دیاری کردووە.
"جیهان گرفتاری ئەمریکا و ئیسرائیلە"
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران لە پەیامکدا، کە لە تۆڕی ئێکس بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، ئەمڕۆ کە جیهان گرفتارە بەدەست چەوساندنەوەی حکومەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هیچ ڕێگەچارەیەکیان نەماوە جگە لە جیهاد و مقاوەمە، جێگیربوون لەسەر ئەو ڕێگەیە سەرکەوتنی بەڵێندراوی خودا بۆ خەباتکارانی ڕێگەی ڕاستەقینە دەهێنێتەدی.
ستایشکردنی حیزبوڵای لوبنان
خامنەیی لە پەیامەکەیدا ستایشی حیزبوڵای لوبنانی دەکات و وەک سەرکردەی گرووپە جیهادییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی گشتگیریی ئیسرائیل و هاوپەیمانییەکانی ناوی دەبات و دەڵێت، وەک بەردێکی بەهێز وەستاونەتەوە بە ڕوویاندا.
مەرجی سەرەکی ئێران پاراستنی سەروەریی لوبنان بووە
ڕێبەری ئێران باسلەوە دەکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرگریکردن لە چەکدارە ستەملێکراوەکانی حیزبوڵا و مقاوەمە وەک ستراتیجێکی سەرەکیی دیاریکردووە، پاراستنی تەواوەتی سەروەریی لوبنان و خاکەکەی و کۆتاییهاتنی دووژمنکارییەکانی ئیسرائیل بە تەواوەتی و بەبێ مەرج، مەرجی سەرەکی ئێران بووە بۆ ڕێککەوتنی کۆتاییهاتنی جەنگی سەپێنراو بەسەر ئەمریکادا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا