ئەندامێکى گرووپى ڕا چارەنووسى هەشت ملیار دینارەکەى چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات
ئەندامێکى (گرووپی ڕا) لە چەمچەماڵ، چارەنووسى ئەو هەشت ملیار دینارە ئاشکرا دەکات کە لە قەرەبووى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى سنوورى چەمچەماڵ ماوەتەوە، پلانى خەرجکردنیشى دەخاتەڕوو.
دەنگۆیەک لەسەر نەمانی پارەی کۆمەکی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ
لەماوەى ڕابردوودا، لە هەندێک میدیاوە بۆ مەبەستى سیاسى، دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە کە هەشت ملیار دینارى ماوە لە کۆمەکى قەرەبووکردنەوەى زیانەکانى لافاوەکەى نۆى کانوونى یەکەمى ساڵى ڕابردووى چەمچەماڵ براوە.
دروستکردنی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوی چەمچەماڵ
پێشەوا شێخ ڕەئووف، ئەندامى گرووپى ڕا کە گرووپێکی فشاری مەدەنییە، ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى چارەنووسى پارەکە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، لە ڕۆژى دواى لافاوەکە قوباد تاڵەبانى و ستافێک لە نووسینگەکەی هاتنە سنوورەکە، دەستبەجێ پلانی هاوکاری و بەدەمەوەهاتن دانرا و (کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوی چەمچەماڵ) دروستکرا.
پێشەوا شێخ ڕەئووف کە خۆى لە کۆبوونەوەکاندا بووە باس لەوە دەکات، ئەوان وەک چەمچەماڵییەکان بە گومان بوون، لە قسەی هەموو بەرپرسێک پێیانوابوو چەمچەماڵ لەم کارەساتەدا تەنیایە و سەختە بتوانرێ قۆناغەکە تێپەڕێنرێ.
کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ خەڵکی سنوورەکە
وەک پێشەوا شێخ ڕەئووف دەڵێت، بەهاوکاری نووسینگەی کاک قوباد و کەناڵ و میدیا جیاجیاکان، دەستکرا بە کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ خەڵکی سنوورەکە، ئەوەی بینییان بێوێنەبوو لە مێژووی کورددا، لەئەنجامدا توانــرا زیاتــر لە (14) ملیار دینار کۆبکرێتەوە.
قەرەبووکردنی زیانلێکەوتوان
دواتر لیژنەی جۆراوجۆر دروستکرا و هاوڵاتیان (ماڵ، ئۆتۆمبێل، دوکان و کۆگا و بازرگانی)، قەرەبووکرانەوە و بـڕی ئەو پارەیەی مایەوە لەبانکی چەمچەماڵ بریتی بوو لە (8 ملیار دینار).
چارەسەکردنی هۆکارەکانی لافاو لە سنوورەکە
پێشەوا شێخ ڕەئووف ئەوەشى خستووەتەڕوو، کۆبوونەوە و گفتوگۆى زۆر کرا، لە کۆتاییدا هەمووان هاوبۆچوون بوون کە ئەو پارەیەی ماوەتەوە چارەسەری هۆکارەکانی لافاوی پێ بکرێت لە سنوورەکەدا.
بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیاى ڕووپێوى و دیزایین، بەدرۆنی ئەندازیاری و تایبەتمەند ڕووپێوى و دیزایینى کردووە، بەڵام کارەکە درێژخایەنە و کارى شەو و ڕۆژێک نییە.
پارەکە لە بانکی چـەرمووە، هەر کەسێک بیەوێت ئەتوانێ بچێ سۆراغـی بکات
لەبارەى شوێنى پارەکەش ئەندامەکەى گرووپى ڕا دەڵێت، پارەکە لە بانکی چـەرمووە، هەموو هاوڵاتییەکی چەمچەماڵ و میدیایەکی ڕاستگۆ ئەتوانێ بچێ سۆراغـی بکات، بڕیاری خەرجی پارەکە لە دەستی ئەندامانی بۆردی چاودێرییە، کە هەموویان خەڵکی سنوورەکەن، ئەم بۆردە پێشنیاری پڕۆژە و چۆنێتی خەرجکردنی پارەکە ئەکات.
بەگوتەى پێشەوا شێخ ڕەئووف، یەکەمجارە خەرجی پارەیەکی ئاوا زۆر و زەبەلاح لەدەستی خەڵکیی خۆیدا بێت و خۆیان خاوەن بڕیار بن.
پێشەوا شێخ ڕەئووف دووپاتیکردووەتەوە، خودی (قوباد تاڵەبانی) جگە لە ڕێنمایی و جەختکردنەوە لە خزمەتکردنی خەڵکی سنوورەکە و بەهەدەرنەدانی پارەکە، هیچ تەدەخولێکی دیکەى نەکردووە و بەنیاز نیە بیکات.
مامۆستا عەتا محـەممـــەد) یش بەهەمانشێوە تەنها جەخت لە چارەسەری لافاو ئەکاتەوە، خواهەڵناگرێ لەو پارەیە چایەکی لێنەکڕدراوە بۆ هیچ کەس، هەمیشە جەخت لە خزمەت و بەهەدەرنەدانی پارەکە دەکاتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا