لە حەشدی شەعبییەوە تا دەروازە سنوورییەکان؛ هەمووان دەچنە ژێر چەتری نووسینگەیەکی عەلی زەیدی
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نوێی ئەمنی دەدات کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی تەواوی وەزارەت و دەزگا هەواڵگرییەکان دەبێت.
کردنەوەی نووسینگەیەکی نوێ لە بەغداد
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق، لە ناوچەى سەوزى شاری بەغداد نووسینگەیەکی نوێ بە ناوی "نووسینگەى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان" دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی پێکهاتە سەربازییەکانی وڵات ئەنجام دەدرێت.
تێکەڵکردنی چەند دامەزراوەیەکی باڵای ئەمنی
بەگوێرەى بەڵگەنامەیەکی نهێنی نووسینگەى فەرماندەى گشتى، بڕیاردراوە هەریەکە لە "فەرماندەیى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان"، "نووسینگەى سکرتێرى تایبەتى فەرماندەیى گشتى" و "ناوەندى ئۆپراسیۆنە نیشتمانییەکان" هەڵبوەشێنرێنەوە. ئەم سێ دامەزراوەیە لە چوارچێوەی نووسینگە نوێیەکەدا تێکەڵ دەکرێن و بارەگای سەرەکیشیان لە ناوچەی سەوز دەبێت.
دەسەڵات و ئەرکەکانی نووسینگەکە
نووسینگە نوێیەکە ئەرکى سەرجەم ئەو دامەزراوانە جێبەجێ دەکات کە تێیدا تێکەڵ کراون. جگە لەوەش، دەسەڵاتی سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی بەسەر وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگریى، دەزگاى دژە تیرۆر، دەزگاى هەواڵگریى، ئاسایشى نیشتمانى، دەستەى حەشدى شەعبى و بەڕێوەبەرایەتی دەروازە سنوورییەکاندا دەبێت.
بەستنەوەی هێزەکان بە یەک چەترەوە
بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، سەرجەم فەرماندە و پێکهاتە سەربازی و ئەمنییە تێکەڵکراوەکان بە شێوەیەکی فەرمی دەبەسترێنەوە بە "نووسینگەى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان". ئەمەش وادەکات سەرجەم هێزەکان لەژێر یەک چەتری فەرماندەییدا بن و ڕێنماییەکان لەو نووسینگەیەوە وەربگرن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا