هۆشدارییەک لە ئاسایشەوە: هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا، وردەکاری دەستگیرکردنی تۆڕێکی مەترسیداری نێودەوڵەتی و ئامارە نوێیەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و سزاکانی بازرگانانی ئەو بوارە ئاشکرا دەکەن.
وردەکاریی چالاکییە هاوبەشەکە و دەستگیرکردنی تۆڕە نێودەوڵەتییەکە
کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە چالاکییەکی هاوبەشدا لەگەڵ بەغداد توانیویانە تۆڕێکی بەقاچاخبردنی نێودەوڵەتی دەستگیر بکەن. لەم پڕۆسەیەدا 2 کەس دەستگیرکراون و دەستبەسەر 38 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە کە لەناو تەنکی بەنزینی ئۆتۆمبێلدا شاردرابوونەوە. تۆڕەکە ویستوویانە خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن و لە ڕێگەی دەروازەی عەرعەرەوە ماددەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ بگوازنەوە.
سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی بۆ بازرگانان
عەمید عەباس بەهادلی، لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد، لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا ڕێکاری زۆر توند بەرامبەر بازرگانان گیراوەتەبەر. بەپێی ئامارەکان، 380 فەرمانی لەسێدارەدان و 1,500 فەرمانی زیندانی هەتاهەتایی بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەرچووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردە مەترسیدارە.
دەستبەسەرداگرتنی 16 تۆن ماددەی هۆشبەر و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکان
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا دەستبەسەر زیاتر لە 16 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە و ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی 17 تۆنی دیکە کراوە بۆ ناو خاکی عێراق. لەم ماوەیەدا 1,780 تۆڕی قاچاخچێتی دەستگیرکراون کە زیاتر لە 300 تۆڕیان نێودەوڵەتی بوون. هەروەها 190 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) بۆ بازرگانە گەورەکان دەرکراوە.
عێراق لە پلەی یەکەمی ناوچەکەدایە لە بەرەنگاربوونەوەی هۆشبەر
عەباس بەهادلی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەدا لە پلەی یەکەمدایە لە ڕووی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر. وڵاتەکە خاوەنی 930 خاڵی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی جیهان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگی لەم بوارەدا، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەی دەستگیرکردنی تۆڕە نێودەوڵەتییەکان خێراتر بێت.
شیاندنەوەی 8,000 تووشبوو و گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە
سەبارەت بە لایەنی مرۆیی و چارەسەری تووشبووان، لە عێراق 16 بنکەی تایبەت بە شیاندنەوەی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر هەیە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8,000 کەس لەو سەنتەرانە شیاندنەوەیان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە ناو کۆمەڵگە. لە ئێستاشدا 1,400 کەسی دیکە لەناو ئەو سەنتەرانەدان و لەژێر چاودێری و چارەسەری پزیشکی و دەروونیدان.
"ماددەی هۆشبەر پلە و ئاستی کۆمەڵایەتی ناناسێت"
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتیشی، ماددەی هۆشبەر خوێندەواری و نەخوێندەوای و پلە و ئاستی کۆمەڵایەتی نازانێت، ئەو تووشبووانی لە ناوەندەکانی شیاندنەوەی ماددەی هۆشبەرن، دوو هەزار و 118 کەسیان نەخوێندەوارن، پێنج هەزار و 890 ئاڵودەبوو بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە، ئەوانەشی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆران 10 کەس و ماستەر 10 ئالودەبوو، 240 بەکالۆریۆس، 107 دیبلۆمی باڵا.
باری خێزانی و کۆمەڵایەتییان
بەگوێرەی باری خێزانی، چوار هەزار 315 کەسیان سەڵتبوون و چوار هەزار و 748 کەسیان خێزانداربوون، 300 بێوەژن و کاسبکاران 600 کەس بووە و فەرمانبەر پێنج هەزار کەس بوون، بازرگانانیش سێ بازرگان ئالودەی ماددەی هۆشبەربوون.
3 کاتژمێر پێش ئێستا