مەسرور بارزانی: هەندێک لەو درۆنانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێم لە ناوخۆی عێراقەوە دێن
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پرسی مووچە، کارەبا، هێرشە درۆنییەکان و پێکهێنانی حکومەت باسدەکات و پەیامێک ئاراستەی لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەکات.
ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و هێرشە درۆنییەکان
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە گرژییەکانی ناوچەکە ترس و دڵەڕاوکێی بۆ هەمووان دروست کردووە، هەرێمی کوردستانیش هەمیشە لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەدایە. سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، هەرچەندە هەرێم بەشێک نەبووە لە کێشەکان، بەڵام ڕۆژانە بە درۆن و مووشەک هێرشی دەکرێتە سەر. ئاشکراشی کرد کە بەشێک لەو درۆنانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاراستەی هەرێم کراون، لە شاری مووسڵەوە هاتوون. جەختیشی کردەوە کە داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆیان دابین نەکراوە.
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد و پرسی مووچە
سەبارەت بە پەیوەندییە داراییەکان، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی بەرامبەر بەغداد جێبەجێ کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە داخستنی گەرووی هورمز داهاتی عێراق و هەرێمیشی کەم کردووەتەوە، بە شێوەیەک عێراق پێشتر ڕۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد بەڵام ئێستا زۆر کەمترە. مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە دابینکردنی مووچە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە و داوای کرد پێداچوونەوە بە بڕیاری ڕادەستکردنی 120 ملیار دینارەکەدا بکرێت. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتەکەی عەلی زەیدی نیازی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە.
کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت
لە ڕووی سیاسییەوە، مەسرور بارزانی داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و هەنگاو بنێن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. ڕایگەیاند کە وەک پارتی ئامادەن لەگەڵ هەر لایەنێک کۆببنەوە بۆ ئەم مەبەستە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دیاری نەکراوە.
دۆسیەی کارەبا و پڕۆژەی ڕووناکی
سەرۆکوەزیران بەڵێنی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بە هاووڵاتییان دا و ڕایگەیاند کارەکانی پڕۆژەی "ڕووناکی" بە باشی بەڕێوەدەچن. سەبارەت بە قەیرانی ئەم دواییەی کارەبا، هۆکارەکەی بۆ ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای "دانا گاز" لە کێڵگەی کۆرمۆر گەڕاندەوە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی غاز، بەڵام جەختی کردەوە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کار دەکەن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکە.
قەیرانی سووتەمەنی و نرخی بەنزین
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر نرخی سووتەمەنی هەبووە. ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژانە 50,000 بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ دابین دەکرێت، بەڵام داوایان لە بەغدا کردووە 70,000 بەرمیلەکەی دیکە وەک پشکی هەرێم دابین بکات. هەروەها ڕایگەیاند کە داوایان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە پێداچوونەوە بە نرخی بەنزیندا بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ شۆفێران.
2 کاتژمێر پێش ئێستا