پزیشکێکی کورد نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی ئەنجامدا

گران جاف 1 کاتژمێر پێش ئێستا

د. دیارعەبدولواحید، پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانکاری، نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی بۆ چارەخوازێک کرد کە بەهۆی کارەباوە بەشێکی لووتی لەدەستدابوو.

پاش ئەوەی کرێکارێک کارەبا دەیگرێت، بەشێکی زۆری لووتی بە ڕێژەی 95% دەسووتێت، چارەخوازەکە هەرزوو سەردانی نەخۆشخانەی کرد و چارەسەرە پێویستەکانی بۆ کرا.

دواتر د. دیار عەبدولواحید، کە پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانکارییە، بە چارەخوازەکەی گوت کە لووتی بۆ دروستدەکاتەوە.

لە نەشتەرگەرییەکدا پزیشکەکە لووتێکی لە نێوچاوانی چارەخوازەکە چاند و بە پێستی نێوچاوانی دایپۆشی، ئەمەش لەبەرئەوەی پێستی نێوچاوان ڕەنگی لە پێستی لووتەوە نزیکە و سروشتی دەردەکەوێت، هۆکاری چاندنی لووتەکەش لەو شوێنەدا بۆ ئەوە بوو کە لووتە نوێیەکە خوێنی پێبگات و موولوولەی خوێنی بۆ دروست ببێت.

بڕیاڕە پاش ماوەیەکی کەم نەشتەرگەریی گواستنەوەی لووتەکە لە نێوچاوانەوە بۆ لووتی چارەخوازەکە بکرێت.

د. دیار عەبدولواحید لە میانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، باسی لەوە کردووە کە ئێستا چارەخوازەکە دۆخی تەندروستیی جەستە و دەروونیشی باش و جێگیرە.

ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە زۆر دەگمەن و ئاڵۆزە و لە جیهاندا بە کەمی ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەمە یەکەمین جارە نەشتەرگەرییەکی لەم جۆرە بکرێت.

گران جاف

1 کاتژمێر پێش ئێستا