چۆن مەترسیی گۆڕانی حاڵەتی پێش شەکرە بۆ نەخۆشیی شەکرە کەم بکرێتەوە؟

سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی پشکنینی شەکرە
وێنەی پشکنینی شەکرە

د. هێمن محەممەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ، هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی مەترسیی گۆڕانی حاڵەتی پێش شەکرە بۆ نەخۆشیی شەکرە، بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.

چۆن مەترسیی گۆڕانی حاڵەتی پێش شەکرە بۆ نەخۆشیی شەکرە کەم بکرێتەوە؟

بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی گۆڕانی حاڵەتی پێش شەکرە بۆ نەخۆشیی شەکرە، ئەم خاڵانە جێبەجێ بکرێن:

  1. دابەزاندنی کێشی جەستە بە ڕێژەی 5-10%،  مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە
  2. ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ، هەفتانە بەلایەنی کەمەوە 150 خولەک وەرزشی چڕی مامناوەند بکرێت، وەک ڕۆیشتنێکی خێرا، دوو بۆ سێ جار لە هەفتەیەکدا
  3. خواردنی زۆری سەوزە
  4. خواردنی دانەوێڵە
  5. خواردنی پڕۆتينی کەم چەوری
  6. سنوردارکردنی شەکر و خواردنەوە شیرینکراوەکان
  7. کەمکردنەوەی بڕی کاربۆهایدراتی پاڵاوتە، وەک نانی سپی و برنجی سپی
  8. کەمکردنەوەی خواردنی بڕی چەوری
  9. زیاد وەرگرتنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پێکهاتە ڕیشاڵییەکان، چونکە پێکهاتە ڕیشاڵییەکان یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن دەدەن و هەستکردن بە تێری زیاد دەکەن
  10. وازهێنان لە جگەرەکێشان، جگەرەکێشان بەرگریی ئينسۆلين زیاد دەکات و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات
  11. خەوتنی پێویست ( حەوت بۆ هەشت کاتژمێر)، چونکە کەمخەوی کاریگەریی نەخوازراوی لەسەر هەستیاریی هۆڕمۆنی ئينسۆلين دەبێت
  12. کەمکردنەوەی فشاری دەروونی لەڕێگەی پشوودان یان ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی
  13. بە بەردەوامی چاودێریی ئاستی شەکر لە خوێندا بکرێت و پشکنینی شەکرەی سێ مانگی یان ئەو پشکنینەی پزیشکی پسپۆڕ دەستنیشانی دەکات بکرێت
  14. چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی وەک بەرزەفشاری خوێن و بەرزیی چەوریی خوێن، چونکە ئەم نەخۆشییانە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و لێکەوتە نەخوازراوەکانی زیاد دەکەن

ڕێنوێنیی بۆ چارەخوازان

سێ هەنگاوی گرنگی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شەکرە بریتین لە: دابەزاندنی کێش، وەرزشی بەردەوام و خۆراکی تەندروست، جێبەجێ کردنی ئەم سێ خاڵە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە تاوەکو 58% لە ئەو کەسانەی کە زياتر مەترسیيان لەسەرە کەم دەکاتەوە.

سەروەر سالار

2 کاتژمێر پێش ئێستا