ڕیاڵ مەدرید بە مەرج دەستبەرداری ڤینیسیۆس دەبێت
داهاتووی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەڕازیلی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ناڕوونە، گرێبەستەکەی لە حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئەنجامێکی ئەرێنیی نەبووە.
ڕۆژنامەی «سپۆرت»ی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید، مەرجێکی قورسی داناوە و ئامادە نییە بە کەمتر لە 160 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەم یاریزانە ببێت، هەر یانەیەکیش لەو بڕە کەمتر پێشکەش بکات ئامادە نین دانوستاندنی لەگەڵدا بکەن.
هەوڵەکانی ڕیاڵ مەدرید بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی «ڤینی» چەندین مانگە پەکیان کەوتووە و هیچ پێشکەوتنێکی بە خۆیەوە نەبینیوە، ئەمەش وای کردووە ڕیاڵ مەدرید کراوە بێت بۆ گوێگرتن لەو یانانەی بەنیازن گرێبەست پێشکەش بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بە وردی چاودێریی دوایین پێشهاتەکان دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی «ئاتلێتیک»، ئارسیناڵ خواستی لەسەر ڤینیسیۆسە و ئەم یاریزانەی خستووەتە سەرووی لیستەکەی بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەریی پێکهاتەی میکێل ئارتێتا، بەڵام یانەکەی شاری لەندەن ئامادە نییە هیچ جووڵەیەکی پێشوەختە بکات و نایانەوێت بەبێ ڕەزامەندیی بەرپرسانی ڕیاڵ مەدرید بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا