فڕۆکەکەی ترەمپ زیانی لە یانەی برایتۆن دا
یانەی برایتۆن ئالبیۆنی ئینگلیزی ناچار بوو کەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانی لە فەرەنسا هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە ئەو یاریگەیەی بەنیاز بوون ئامادەکاریی تێدا بکەن زیانی بەرکەوتووە و بۆ ڕاهێنان گونجاو نییە.
زیانەکان بەهۆی بەکارهێنانی یاریگەکانی شارۆچکەی «ئیڤیان لێ بان»ی فەرەنسی بوو وەک ناوچەی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەرەکان لە کاتی لووتکەی گرووپی حەوت (G7)، کە بۆ پێشوازیکردن لە سەرکردەکانی جیهان بەکار هێنرا، لە نێویاندا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا.
تۆڕی «ئاتلێتیک» ئاماژەی بەوەش کردووە، کە نیشتنەوەی هەلیکۆپتەرەکان زیانێکی زۆری بە فرێزی ئەو یاریگەیە گەیاندووە کە بڕیار بووە یانەی برایتۆن ڕاهێنانی ئامادەکاریی تێدا بکات، ئەمەش بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەکەی ناچار کردووە کەمپەکەیان لە فەرەنسا هەڵبوەشێننەوە کە بڕیار بوو لە نێوان 23ی تەممووز تاوەکو یەکی ئاب بەڕێوە بچێت.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر لووتکەی حەوت، یاریگەکانی «ئیڤیان لێ بان» هێشتا چاک نەکراونەتەوە و یانە ئینگلیزییەکە ناچار بوو یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر ئانسی فەرەنسی هەڵبوەشێنێتەوە.
برایتۆن بڕیاری دا ڕاهێنانەکانی لە بنکەی تایبەتی خۆی لە ئینگلتەرا درێژە پێ بدات و پاشان ڕوو بکاتە نەمسا بۆ سازکردنی کەمپێکی دیکە، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی لەسەر ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێی پرێمەرلیگ ناکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا