کەرتی وەرزش لە نێوان بازرگانی و هەڵخەڵەتاندندا

هەرێز جەمال 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەلام تاهیر

​ئەمڕۆ لە بواری فێرگە وەرزشییەکاندا، ڕووبەڕووی دوو جۆر مۆدێلی شکست خواردوو و بێباک دەبینەوە کە تەنها زیان بە بەھرەی منداڵان و ناوبانگی وەرزش دەگەیەنن:

​١. فێرگەی موبەڕیدە (بازرگانیی کاتی)
​ئەم جۆرە فێرگانە تەنها لە وەرزی هاویندا سەر هەڵدەدەن.
بە ناوی گەورە و پڕوپاگەندەی بریقەدار، زیاتر لە ١٠٠ منداڵ کۆدەکەنەوە و پارەی سێ مانگ لە پێشەزە وەردەگرن، چونکە دەزانن کوالێتییان نزمە و ئەگەر وا نەکەن، کەسوکاری منداڵەکان لە مانگی یەکەمدا مناڵەکانیان دەبەنەوە و نایان نێرنەوە بۆ ڕاهێنان .

​شێوازی کارکردنیان:
هێنانی ڕاهێنەری بێ ئەزموون بە پارەیەکی کەم، پێشکەشکردنی کەمترین ئاستی فێربوون، و لە کۆتاییدا بەخشینی بڕوانامەی بێ بەها و ساختە.
کۆتاییەکەی:
کاتێک سەرما دادێت، وەک «موبەڕیدە» مۆر و مشەماکەیان کۆدەکەنەوە و تا هاوینێکی تر دیار نامێنن .

​٢. فێرگەی یاریزانی ئامادەکراو (خۆڵکردنە چاوی خەڵک) :
​ئەمانە فێرگەی ڕاستەقینە نین کە بەهرە دروست بکەن، بەڵکو تەنها بەدوای ناوبانگ و یاریزانی ئامادەکراوەوەن. کاتێک خولێک دەستپێدەکات، دێ بە دێ و شار بە شار دەگەڕێن بۆ کڕین یان ڕاکێشانی یاریزانی ئامادەکراوی فێرگەکانی تر، یان تەنانەت ڕاوکردنی ئەو یاریزانانەی لە دەرەوەن یا زویر بون لە فێرگەکانیان بە هۆی پەیوەندی کردن بە هاوڕێ و کەسوکاریانەوە بە کاتی دەیانهێنن و یارییان پێ دەکەن .

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە:
ئەگەر ناوت فێرگەیە، بۆچی خۆت یاریزان پێناگەیەنیت؟ ئایا توانای ڕاهێنانت نییە، یان تەنها فێری فێڵ و تەڵەکەبازی بوویت بۆ بردنی ماندووبوونی کەسانی تر؟

​بە کورتی :
​ئەم جۆرە فێرگانە بە تەواوی کار بەو پەندە دەکەن کە دەڵێت: «ئەوەی خۆم بۆ خۆم، ئەوەی تۆش ئەخۆم»؛ هەم ماندووبوونی خەڵک دەبەن، هەم ئامادە نین یەک دڵۆپ ئارەق بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ بڕێژن.

​هۆشیاری بۆ کەسوکاری منداڵان :
پێویستە ڕاستی ئەم فێرگە سێبەر و کاتییانە بناسن و نەکەونە داوی ناوی زل و دێی وێرانەوە.

هەرێز جەمال

2 کاتژمێر پێش ئێستا