جەندرمەی تورکیا ژمارەیەک گەنجی سووری دوای ئەشکەنجەدان دیپۆرت دەکاتەوە

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
جەندرمەی تورکیا ژمارەیەک گەنجی سووری دوای ئەشکەنجەدان دیپۆرت دەکاتەوە
جەندرمەی تورکیا ژمارەیەک گەنجی سووری دوای ئەشکەنجەدان دیپۆرت دەکاتەوە

ژمارەیەک گەنجی خەڵکی دێرەزوور، کە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا هەوڵی بەزاندنی سنووریان دابوو، لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە لە سنووری کۆبانێ دەستگیر کران و دوای ئەشکەنجەیەکی توند ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سووریا کرانەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە شەپۆلی کۆچی گەنجان بەهۆی خراپیی گوزەرانەوە بۆ تورکیا و ئەورووپا بەردەوامە.

ئەشکەنجەدانی گەنجانی سووری لەسەر سنوور

ژمارەیەک گەنجی سووریا لە کاتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو خاکی تورکیا، لەلایەن جەندرمەی تورکەوە لەسەر سنوور دەستگیر دەکرێن و دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، سنوورداشی سووریا دەکرێنەوە.

وردەکاریی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی گەنجەکان

پەیامنێری کەناڵ8 لەبارەی وردەکاریی ڕووداوەکە لە کۆبانێ ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ژمارەیەک گەنجی بە ڕەچەڵەک عەرەبی خەڵکی شاری دێرەزوور، هەوڵیان داوە بە قاچاخ بچنە نێو خاکی تورکیا، بەو هیوایەی لەوێوە بگەنە ئەورووپا، بەڵام لەسەر سنووری کۆبانێ لەلایەن جەندرمەی تورکییەوە دەستگیر کراون. هەروەها پەیامنێرەکە لەبارەی دۆخی تەندروستیی گەنجەکانەوە دەڵێت، دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، نێردراونەتەوە بۆ کۆبانێ و لە نەخۆشخانەی شارەکە چارەسەریان بۆ کراوە.

بێدەنگیی بەرپرسانی سووریا لە ئاست پێشێلکارییەکان

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کەناڵ8 سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە حاڵەتانە، ئەمە جاری یەکەم نییە جەندرمەی تورکیا بەو جۆرە ئازاری ئەو گەنجە سوورییانە دەدات کە دەیانەوێت بچنە نێو خاکی تورکیا، بەڵام بەرپرسانی سووریا ئامادە نین قسەی لەبارەوە بکەن.

هەژاری و بێکاری پاڵنەری سەرەکیی کۆچکردنن

بەهۆی خراپیی گوزەران و نەبوونی هەلیکار، ڕۆژانە چەندین گەنجی سووریا، هەوڵ دەدەن بە قاچاخ بچنە ناو خاکی تورکیا، بەو هیوایەی لەوێوە ڕوو لە ئەورووپا بکەن، بەڵام زۆرینەیان دەستگیر دەکرێن و دیپۆرت دەکرێنەوە.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا