ڕۆیتەرز: ڕۆژانە کەمتر لە 10 کەشتی بە گەرووی هوورمزدا تێدەپەڕن

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک کەشتیی بارزگانی لە کاتی تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا. فۆتۆ: AP
ژمارەیەک کەشتیی بارزگانی لە کاتی تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا. فۆتۆ: AP

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕێگرییان لە 6 کەشتی کرد لە گەرووی هوورمز تێپەڕ بن و سوپای پاسدارانیش هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکا و هەر کەشتییەک کە پابەندی ڕێڕەوە فەرمییەکان نەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی یاداشتنامەی نێوان هەردوو وڵات دەبێت تاران ئاسایشی گەرووەکە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دابین بکات و بەهۆی کێشەکانەوە ڕۆژانە کەمتر لە 10 کەشتیی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

بەکارهێنانی ڕێڕەوی نایاسایی بە هاوکاریی ئەمریکا

میدیای فەرمیی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای وڵاتەکەیەوە لەبارەی هۆکاری ڕێگریکردنەکە بڵاویکردەوە، "6 کەشتییەکە بە کوژانەوەی جی پی ئێس و بە هاوکاریی ئەمریکا، ویستوویانە ئەو ڕێڕەوە تێپەڕێنن کە ئەمریکا بە نایاسایی لە گەرووەکەدا دروستی کردووە."

هۆشدارییەکانی سوپای پاسداران و پاشەکشەی کەشتییەکان

سەرچاوە ئاگادارەکە لەبارەی وردەکاریی ڕووداوەکە باسی لەوەش کردووە، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران سەرەتا کەشتییەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام گوێیان بە هۆشدارییەکان نەداوە؛ سەرئەنجام یەکێک لە کەشتییەکان تووشی ڕووداوێک بووە و ئەوانی دیکەش ناچار بوون بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کەشتییە سەرپێچیکارەکان

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی دیاریکردنی ڕێگەی سەلامەت جەخت دەکاتەوە، تاکە ڕێگەی سەلامەت لە گەرووەکە ئەو ڕێگەیەیە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران دیارییان کردووە و دەشڵێن، هەر کەشتییەک بیەوێت بەبێ ئاگاداریی ئەوان ڕێڕەوەکە تێپەڕێنێت، ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە.

کەمبوونەوەی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە داتاکانی جووڵەی کەشتیوانی بڵاویکردەوە، لە کۆتایی هەفتەدا ڕۆژانە کەمتر لە 10 کەشتیی بارهەڵگر گەرووی هوورمزیان تێپەڕاندووە.

گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران

لە 8ـی ئەم مانگەوە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان واشنتن و تاران لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز دروست بوو، نزیکەی 15 ڕۆژی خایاند و بەو هۆیەوە چەندین هێرشیان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی یەکدی و هەردوولاش یەکدی بە پێشێلکردنی یاداشتنامەکە تۆمەتبار دەکەن.

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات

لە ماددەی 5ـی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکادا هاتووە، ئێران هەموو هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت و بێبەرامبەری کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هوورمز.

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا