نەتانیاهوو بەرەو واشنتن بەڕێکەوت
بە سەردانێکی دوو ڕۆژە و لە کاتێکی هەستیاردا، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە بەرەو واشنتن بەڕێکەوت و سبەی سێشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، سەردانێک کە چاوەڕوان دەکرێت وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە بێت لە ئاڕاستەی جەنگی غەززەدا، داهاتووی بوونی سەربازیی ئیسرائیل لە سووریا و لوبنان و پەیوەندیی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ دوای پێکدادانە سەربازییەکەی ڕابردووی لەگەڵ ئێران.
شەشەمین سەردان دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی
ئەمە شەشەمین سەردانی نەتانیاهووە بۆ واشنتن لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی پێش ساڵ و نیوێک. سەردانەکە لەکاتێکدایە کە واشنتن هەوڵی کۆنترۆڵکردن و تێپەڕاندنی لێکەوتەکانی جەنگی ئێران، کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە بەرەی لبنان دەدات، لە بەرامبەردا ئیسرائیل سوورە لەسەر مانەوەی سەربازیی خۆی لەو ناوچانەی بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆی بە پێویستیان دەزانێت.
دۆسییە سەرەکییەکانی سەردانەکەی نەتانیاهوو بۆ ئەمریکا
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل و نێودەوڵەتیش، کۆمەڵێک دۆسیەی سەرەکی دەبنە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان، لەوانە:
تاوتوێکردنی هەوڵەکانی ئاگربەست و پلانی ئەمریکا بۆ قۆناغی دوای جەنگ و رێکخستنەوەی دۆخی ئەمنی و کارگێڕی لە کەرتی غەززە.
هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر بڵاوکردنەوەی هێزێکی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە دەکرێت، دوای ئەوەی حکومەتی ئەمنیی ئیسرائیل ڕەزامەندی لەسەر چوارچێوەی یاسایی چوونەژوورەوەی دا.
واشنتن و تەلئەڤیڤ لەسەر کشانەوە لە ناوچەکانی غەززە، سووریا و لبنان، لە سایەی سووربوونی نەتانیاهوو لەسەر هێشتنەوەی بوونی سەربازیی ئیسرائیل لەو ناوچانەدا ناکۆکیی دروستکردووە.
چاوەڕواندەکرێت هەردوولا لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و ئاستی هەماهەنگیی سیاسی و ئەمنی لە قۆناغی داهاتوودا تاوتوێ بکەن.
ڕەتکردنەوەی کشانەوە لە غەززە و سووریا و لوبنان
کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، نەتانیاهوو بە وەزیرەکانی کابینەکەی ڕاگەیاندووە کە پێداگرە لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر داواکارییەکی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی هێزەکان لەو ناوچانەی کە ئیسرائیل لە غەززە، سووریا و لبنان کۆنترۆڵی کردوون.
ناوبراو جەختیکردەوە کە لەکاتی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ ترەمپدا، بە ڕوونی پێیان ڕادەگەیەنێت کە هیچ نەرمونیانییەک لەسەر ئەم بەرانەی پێشەوەی جەنگ پیشان نادات.
کەناڵە ئیسرائیلییەکە لە زاری نەتانیاهوو دەڵێت، "ئەمریکییەکان داوای زنجیرەیەک کشاندنەوەم لێ دەکەن لە غەززە، سووریا و لبنان" و لە کۆتاییشدا سەبارەت بەو داوایانە گوتی: "ڕووبەڕوویان دەبمەوە و دەڵێم نەخێر".
داخوازی ترەمپ بۆ کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغ
ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد، ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەم مانگی تەممووزەدا داوای کردووە کشاندنەوەیەکی قۆناغ بەقۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل لە سووریا و لبنان دەستپێبکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە فراوانبوونی ڕووبەری گرژییە هەرێمییەکان بگرێت، شانبەشانی جێبەجێکردنی پلانی تایبەت بە غەززە.
دۆسیەی ئێران و پشکی شێری خشتەی کاری سەردانەکە
جگە لە غەززە، دۆسییەی ئێران پشکی شێری لە خشتەی کارەکانی سەردانەکەدا هەیە، چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا باسی لێکەوتەکانی پێکدادانی ئەمدواییە، داهاتووی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و ئاستی هەماهەنگیی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات بکەن.
پێشکەشکردنی زانیاری نوێی هەواڵگری سەبارەت بە ئێران
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە نەتانیاهوو لە کاتی سەردانەکەیدا، زانیارییەکی نوێی هەواڵگری پێشکەشی ترەمپ دەکات لەسەر هەوڵەکانی ئێران بۆ گواستنەوەی تواناکانی بۆ ناو بنکە ژێرزەمینییەکانی دەورووبەری "چیای تەور"، بە ئامانجی قایمکردن و پاراستنیان لە بەرامبەر بۆمبە قورسەکان.
ڕەهەندی ناوخۆیی سەردانەکەی نەتەنیاهوو
هاوکات لەگەڵ دۆسییە هەرێمییەکان، سەردانەکە ڕەهەندێکی سیاسیی ناوخۆییشی لە ئەمریکا هەیە، بەتایبەت لە سایەی تووندبوونەوەی مشتومڕەکان لەسەر جەنگی غەززە و کەمبوونەوەی پشتیوانییەکان بۆ ئیسرائیل لە هەندێک لە ناوەندەکانی ئەمریکادا.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"، نەتانیاهوو هێرشی کردە سەر زەهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە تاوانباری جەنگ وەسف کردبوو.
ناوبراو هۆشداریی دا لە دابەزینی پشتیوانییە حیزبییەکان بۆ ئیسرائیل و بەرزبوونەوەی دیاردەکانی دژایەتیکردنی لە ئەمریکا، وەک هەوڵێک بۆ نیشاندانی گرنگیی بەردەوامی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.
بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لیندسی گراهام
سەردانەکە ڕەهەندێکی دیکەشی هەیە ئەویش وا بڕیارە نەتانیاهوو بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سیناتۆری کۆماریی کۆچکردوو لیندسی گراهام بکات، کە یەکێک بوو لە دیارترین پشتیوانانی ئیسرائیل لە کۆنگرێسدا، پێش ئەوەی بەرەو کۆشکی سپی بەڕێکەوێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ترەمپ.
2 کاتژمێر پێش ئێستا