لە نەجەف کەسێک دەستگیرکرا کە خۆى وەک فەرمانبەرى لیژنەى نەهێشتنى گەندەڵى ناساند بوو
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، دەستگیرکردنى کەسێکى ڕاگەیاند کە خۆى وەک فەرمانبەرى نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لیژنەى ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ناساندووە.
تۆمەتبار ویستوویەتی سەرانە وەربگرێت
دادگاى لێکۆڵینەوەى نەجەف لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، دەستگیرکراوەکە ویستویەتى سەرانە لە بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی پارێزگای نەجەف وەربگرێت.
لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەرییەوە ویستوویەتی سەرانە وەربگرێت
دادوەری تایبەتمەند ڕوونیکردووەتەوە، تۆمەتبارەکە پەیوەندی تەلەفۆنی بە بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەوە کردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کۆبوونەوەدایە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ مەبەستی واژۆکردنی چەند نووسراوێک و گوایە ناوی بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرە لە لیستی فەرمانی دەستگیرکردندایە و دەتوانێت ئەو ڕێکارانە هەڵبوەشێنێتەوە لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەک.
پیشتر سەرانەی لە دوو بەڕێوەبەراتی دیکەی نەجەف وەرگرتووە
ئەنجوومەنى دادوەرى دەڵێت "تۆمەتبارەکە پێشتر بە هەمانشێوە سەرانەی لە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نەجەف و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە وەرگرتووە".
3 کاتژمێر پێش ئێستا